نوێنەرى جووتیارانى کەرکووک پێنج داواکاری دەداتە وەزیری بەرگریى عێراق


رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرى جووتیارانى کەرکووک لە بەغدا لەگەڵ وەزیرى بەرگریى عێراق و فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک کۆدەبێتەوە و پێنج داواکارى تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکان و خانووەکانى تۆپزاوا تاوتوێ دەکەن. 

محەممەد ئەمین، نوێنەرى جووتیارانى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ وەزیرى بەرگرى و فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى کەرکووک کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنى پێنج داواکاری لەبارەى زەوى جووتیاران و خانووەکانى گوندى تۆپزاوا".
 
زۆربەى داواکارى سەرەکى جووتیارانى کەرکووک تایبەتە بە گوندى تۆپزاوا، لەوانە چۆڵکردنى بارەگایەکى سوپا بۆ ئەوەى بکرێتە مۆنیومێنت بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان، چۆڵکردنى باڵەخانەی قوتابخانەیەک لەنێو سەربازگەى سوپا بۆ قوتابیانى ئەو سنوورە، رێگرى لە فراوانکردنى سەربازگەیەک و دەستبەرداربوون لەو خانووانەى کە هاونیشتیمانیانى تێدایە. 
 
محەممەد ئەمین گوتى، "90 دۆنم زەویی جووتیارانی کورد خراوەتە سەر رووبەری یەکێک لە سەربازگەکان؛ هەروەها 122 خانوو لەسەر زەوی وەزارەتی دارایی دروستکراون و 5یان بەدەست سوپاوەن. داوای ئەوانە دەکەین". 
 
داواکارییەکى دیکەى جووتیارانى کورد رێگریکردنە لە چاندنى زەوىی ناوچەى حەفتەغارى سنوورى قەزاى داقووق لەلایەن عەرەبەوە. 
 
نوێنەرەکەى جووتیارانى کەرکووک گوتى، "پێشتر بە ئامادەبوونى سوپا رێککەوتین نە جووتیارانى کورد و نە جووتیارانی عەرەب ئەو زەوییانە نەچێنن، بەڵام هەندێکجار سوپا رێگەى بە عەرەبەکان داوە بیچێنن".