بەرگدرووێک لە مەریوان پشتی سێ شاگردی دەسووتێنێت


رووداو دیجیتاڵ

بەرگدرووێک لە شاری مەریوان بە ئوتوو پشتی سێ شاگردی دەسووتێنێت و باوکی یەکێک لە شاگردەکان دەڵێت، دوای ئەوەی راپۆرتی دادپزیشکی لەبارەی ئەو کارەوە دواکەوتووە، بڕیاریان داوە رووداوەکە ئاشکرا بکەن.
 
بەرگدرووێک لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان 18 رۆژ لەمەوبەر پشتی سێ شاگردی خۆی سووتاندووە کە تەمەنیان 12 ساڵە.
 
نەهرۆ خالیدی، یەکێک لەو شاگردانە بە میدیاکانی ئێرانی گوت، لەگەڵ دوو هاوڕێی بە ناوەکانی رێبین قادری و مانی دانش لە پشووی هاویندا چوونەتە لای ئەو بەرگدرووە تاوەکو فێری پیشەکە بن. گوتیشی، بەهۆی ئەوەی یەکێکیان پشتی بەر مێزی کارکردنی بەرگدرووەکە کەوتووە، بەو شێوەیە سزای داون.
 
محەممەدساڵح خالیدی، باوکی نەهرۆ خالیدی دەڵێت، هەر ئەو کات سکاڵایان تۆمارکرد و بەرگدرووەکە بە ناوی ئەمیر کەیوان 48 کاژێر دەستبەسەرکرا و دواتر ئازادکرا تاوەکو ئامادەبوونی راپۆرتی دادپزیشکی و دادگاییکردنی.
 
محەممەدساڵح خالیدی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئامادەکردنی راپۆرتەکە زۆری پێچوو، بڕیاریان دا وێنەکە بڵاوبکەنەوە.
 
ئیسماعیل ئەحمەدی، قایمقامی شاری مەریوانیش بە میدیای ئێرانی راگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە، خەڵکێکی زۆر پەیوەندییان پێوەکردوون و داوای سزادانی ئەو بەرگدرووەیان کردووە و گوتیشی، داواکاریی گشتیی مەریوان لەگەڵ کەسوکاری ئەو سێ کەسە کۆبووەتەوە و بڕیاری داوە دۆسییەکە تەواو بکرێ و رەوانەی دادگە بکرێت.