وه‌زاره‌تی شاره‌وانی زیاتر لە یەک ملیار دینار بۆ 9 پڕۆژەی سلێمانی خه‌رج ده‌كات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر خه‌رجكردنی چه‌ند گوژمه‌یه‌ک بۆ جێبه‌جێكردنی 9 پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری داوە.
 
سێشەممە 06-08-2024 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی چه‌ند گوژمه‌یه‌ک ده‌دات، بۆ 9 پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ بواره‌كانی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆ، تۆڕی ئاو، شه‌قام، چاككردنه‌وه‌ی شه‌قام له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی.
 
ئاوات ئەحمەد دەباغ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانییەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "داوامان لە وەزارەتی شارەوانی کردبوو، پێویستمان بە گوژمەی پڕۆژەکانی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ سنووری شاره‌وانیی سیتەک، چاككردنی شه‌قامی سه‌ره‌كی له‌ سنووری شاره‌وانیی پێنجوێن، دروستكردنی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌تۆغان له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی و چەند پرۆژەیەکی دیکە هەیە و بە نووسراو ئەمڕۆ وەڵامیان داوینەتەوە و رەزامەندییان پیشانداوە."
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی شارەوانی، پارەی ئەو پڕۆژانە لە داهاته‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو، سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی دابین دەکرێت‌.
 
پارەی ئه‌م پرۆژانه‌ی بڕیاری خه‌رجكردنیان دراوه‌:
 
15،524،000 دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ سنووری شاره‌وانیی سیتەک.
69،999،000 دينار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی چاككردنی شه‌قامی سه‌ره‌كی له‌ سنووری شاره‌وانیی پێنجوێن.
429،390،000 دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردنی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌تۆغان له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی.
10،166،000 دینار بۆ دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی خاڵخاڵان له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی.
59،700،000 دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی چاككردنی قیری خراپبووی شه‌قامی سه‌ره‌كی له‌ پێنجوێن له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی پێنجوێن.
86،246،000 دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ڕاكێشانی بۆریی ئاو له‌ گه‌ڕه‌كی كانی گۆمه‌ له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی سلێمانی.
29،458،000 دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی چاككردنه‌وه‌ی قیری شه‌قامه‌كانی پیره‌مه‌گروون له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی.
15،380،000 دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆ له‌ گه‌ڕه‌كی به‌ری ماڵان له‌ قه‌زای چوارتا له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی.
432،479،000 دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی گوندی بابان له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی.