سبەی هاوکاریی هاوپەیمانان بەسەر لیواکانی پیادەدا دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت، "سبەی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی7ـی 2024 دابەش دەکرێت کە بڕەکەی 432 هەزار دینارە بۆ هەر پلەدار، پێشمەرگە و ئەفسەرێکی لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە". 
 
فەرماندەیی پشتیوانیی دوو مانگی رابردوو لەو هاوکارییە بێبەشبوو، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان کێشەکە چارەسەرکراوە و لەم مانگەوە هاوکارییەکە وەردەگرن.
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رووداو گوتیشی، "هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرجەم ئەو لیوا و فەوجانەی دیکەی کە بێبەشبوون لەو هاوکارییە کێشەکەیان چارەسەر کراوە و لە مانگی داهاتووەوە هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن."
 
وەک پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش وەک هاوکاریکردنی لیوا هاوبەشەکان.
 
پێشتر هاوکارییەکەی هاوپەیمانیان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، بەدەر لە مووچەکەی خۆیان.
 
ئەمە دووەم مانگە ئەو بڕە پارەیە دابەش دەکرێت.