رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانگەی کارەبای گەرمیان دژی وەرنەگرتنی مووچەکانیان و نەبوونی ناویان لە لیستی مووچە مانگرتنیان لە دەوام راگەیاند. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، مووچەیان پێنەدرێت، کارمەندانی وێستگەکانی دابەشکردنی کارەباش بایکۆت دەکەن و کارەبا نادەنە هاونیشتمانییان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئابی 2023، ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دژی ئەوەی دوو مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە و ناویشمان لە لیستی دابەشکردنی مووچەدا نییە، ئەمڕۆ بایکۆتی دەواممان راگەیاندن و چووینەوە ماڵەوە".
ئالان ئەرکان گوتی، لیستی مووچە تاوەکو 14ـی ئاب راگەیێندراوە و ناوی وەزارەتی کارەبای تێدانییە. گوتیشی، "ئێمە وەزارەتێکی خزمەتگوزاریین و هاوکات داهات کۆدەکەینەوە؛ خۆمان پارە کۆدەکەینەوە و دەیدەینە بانکەکان بۆ مووچە و ناکرێت خۆمان مووچە وەرنەگرین".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو مووچە وەرنەگرن، ناگەڕێنەوە سەر کار و گوتی، داواش دەکەن لە داهاتوودا وەزارەتی دارایی بەهۆی تایبەتمەندیی وەزارەتی کارەباوە لە کاتی بڵاوکردنەوەی لیستی مووچەدا ناوی وەزارەتی کارەبا پێش بخات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، گەرمترین ناوچەی هەرێمی کوردستان گەرمیانە؛ نیگەرانییەک لای هاونیشتمانییانی گەرمیان دروستبووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگوترێت بەهۆی مانگرتنەکەوە کارەبایان دەبڕدرێت. لەو بارەیەوە ئالان ئەرکان گوتی، "ئەمڕۆ تەنیا نێو فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان بایکۆتمان راگەیاند. کارمەندانی چاکسازی و دابەشکردنی کارەبا لە وێستگەکان کار دەکەن و دۆخی گەرمای ناوچەکەمان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام ئەگەر مووچە دابەش نەکرێت، بێگومان رۆژانی داهاتوو ئەوانیش بایکۆت دەکەن و زیانمەندی یەکەمیش هاونیشتمانیان دەبن".
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان نزیکەی 110 فەرمانبەری هەیە و لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کار دەکەن، ئەوە بێ فەرمانبەرانی بەشی چاکسازی و دابەشکردن و بەشەکانی دیکە.
لە مانگی ئابداین و زۆرینەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزیان وەرنەگرتووە، 3ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی حوزەیرانی بڵاوکردەوە، بەڵام ناوی چەند وەزارەتێک و سەرۆکایەتییەکانی تێدا نەبوو، یەکێک لەوانەی ناوی لە لیستەکەدا نییە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ