کارەبای بەشێکی شاری حەسەکە و ناحیەی تەلتەمر لە رۆژئاوای کوردستان پچڕا

رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی وزە لە هەرێمی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی تێکدانی شەش  تاوەری کارەبا، کارەبای بەشێک لە شاری حەسەکە و ناحیەی تەلتەمر پچڕاوە و تیمەکانیان هەوڵدەدەن کێشەکە چارەسەر بکەن.
 
لە راگەیێندراوێکدا فەرمانگەی وزەی هەرێمی جزیرە دەڵێت، بەهۆی تێکدانی شەش تاوەری گواستنەوەی کارەبا، وێستگەکانی بەنداوی رۆژهەڵات، بەنداوی باشوور و وێستگەی گواستنەوەی کارەبای تەلتەمر، ئەمرۆ یەکشەممە بە تەواوی لەکارکەوتن و بەو هۆیەشەوە کارەبای بەشێکی زۆری هاوبەشەکانیان لە شاری حەسەکە و بە تایبەت کارەبای گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی شارەکە، هەروەها کارەبای ناحیەی تەلتەمر پچراوە.
 
بە پێی فەرمانگەی وزەی هەرێمەکە، بە بەردەوامی دزی لە تاوەرەکانی تۆڕی کارەبای هەرێمەکە دەکرێت، بۆیە ئەم بابەتە بووەتە کێشەیەکی بەردەوام.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەوان زۆر نیگەرانن لە پەککەوتنی تۆڕەکانی کارەبا، بە تایبەت ئێستا کە ئامێرکان بەردەست نین و نرخیشیان زۆر گرانە.
 
فەرمانگەکە هەروەها دەڵێت، تیمەکانیان هەوڵدەدەن بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکەن، داواش لە هاووڵاتییان دەکات بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان بپارێزن.