فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری دێرەلووک بۆردوومان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی گوهەرزی سەر بە ناحیەی دێرەلووکیان بەسەختی بۆردوومان کرد. دانیشتوویەکی گوندەکەش دەڵێت، مووشەکێک بەر پەرژینی ماڵی هاونیشتمانییەک کەوتووە. 
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئابی 2023، رەڤەند گوهەرزی، دانیشتووی گوندی گوهەرز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاژێر 07:00ی ئێوارەوە تاوەکو ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سێ جار دەوروبەری گوندەکەیان کە سەر بە ناحیەی دێرەلووکە لە سنووری قەزای ئامێدی، بۆردوومان کردووە. 
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی کە کاژێر 10:00ی شەو مووشەکێک بەر ماڵی هاونیشتمانییەک کەوتووە و زیانی مادی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام "خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە." گوتیشی کە بەهۆی بۆردوومانەکەوە، ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی گوندەکە دروستبووە.