لە عەفرین ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج؛ 7 هاووڵاتیی کورد بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و حەوت هاووڵاتیی کورد بریندار بوون.
 
ئەمرۆ یەکشەممە، 06-08-2023 ناوەندی بە بەڵگەکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا رایگەیاند، "لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی دوو گوندی سەر بە ناحیەی شێراوە لە نزیک شاری عەفرین، حەوت هاووڵاتیی کورد بریندار بوون."
 
بەگوێرەی ناوەندەکە، ئەو ئۆتۆمبێلە لەلایەن سوپای سووریاوە کراوەتە ئامانج.
 
ناوەندەکە دەڵێت، لە کاتی گەڕانەوەی ئەو حەوت کەسە لە عەفرینەوە بۆ گوندەکانیان لە بورج سلێمان و کەباشین، هێزەکانی سووریا ئۆتۆمبێلەکەیان لەسەر جادەی فافرتین - بورج سلێمان لە شێراوە کردووەتە ئامانج.
 
لەبارەی ناسنامەی بریندارەکان، ناوەندی بە بەڵگەکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا رایگەیاندووە، مستەفا جەمال، نیهاد عیسۆ، ئەحمەد ئەحمەد هیندی، محەممەد ئەحمەد هیندی، محەممەد سولەیمان، خەڵکی گوندی کەباشینن، محەمەد سەعید خەڵکی گوندی بورج حەیدەر و عیمادەدین خەڵکی گوندی بورج سلێمانە.
 
بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لەو کەسانە برینەکانیان سەختە و بۆ چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی عەفرین.
 
لە ساڵی 2018ـەوە کە عەفرین لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتەوە داگیرکراوە، گوند و ناحیەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمەکە زۆرجار لەلایەن هێزەکانی سووریاوە لەلایەک و سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانییەوە لەلایەکی دیکە؛ کراونەتە ئامانج و زیاتر خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی.