بەرپرسیار؛ عومرەکارێکی کورد پێنج مانگە لە سعودیە گیری خواردووە

رووداو دیجیتاڵ 
 
فەریق رۆستەم، خەڵکی شاری سلێمانییە، لە 04-03-2023 بۆ سونەتی عومرە چووەتە سعودیە، دوای تێپەڕبوونی نۆ رۆژ، جەڵتەی مێشک لێیدەدات و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت. کوڕی فەریق دەڵێت، نەخۆشخانەکانی سعودیە باوکم وەرناگرن و ئێستا لە بەبێ ئۆکسجین هۆتێل دەمێنێتەوە و تەندروستیی ناجێگیرە. بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، سبەی ئەو عومرەکارە دەگەڕێندرێتەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی. 
 
رۆژی یەکشەممە، 06-08-2023، ئەکرەم رۆستەم، برای ئەو عومرەکارە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی، تەندروستیی براکەم ناجێگیرە و پێویستی بە ئۆکسجینە، بە پارەش ئۆکسجین بە براکەم نادەن لە سعودیە.
 
ئەکرەم رۆستەم دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی نووسراوی گەڕانەوەمان وەرگرتووە، نەخۆشخانەکان جارێکی دیکە وەریناگرنەوە، داوا دەکەین بە زووترین کات نەخۆشەکەمان بگەڕێندرێتەوە، پەرستار و پزیشکمان بۆ هۆتێل داوا کردووە، چونکە تەندروستیی خراپە".
 
"ڤیزەی گەڕانەوەمان دەوێ"
 
محەممەد رۆستەم، کوڕی ئەو عومرەکارە کە لەگەڵ باوکی لە هۆتێلێکی مەککە دەمێنێتەوە، تەندروستیی باوکی بە"مەترسیدار" وەسفکرد و گوتی: باوکم پێویستی بە چاودێریی چڕی پزیشکییە، برینێک لە پشتی دروستبووە و "پیسی کردووە"، پێویستی بە پزیشکە، پێویستی بە ئۆکسجینە. سێ رۆژ پێش ئێستا هەوڵێکی گەڕاندنەوەی باوکم شکستیهێنا، چونکە لە فڕۆکەخانەی مەدینە بەئێمەیان راگەیاند کە کورسیی فڕۆکە دەرنەهێنراوە، چونکە باوکم ناتوانێت دابنیشێت و پێویستی شوێنی تایبەتە لەنێو فڕۆکە. ئێستا ڤیزەی گەڕاندنەوەمان پێویستە، ئەگەر سبەی نەگەڕێینەوە ئەوا دەکەوینە سەر شەقام".
 
 
"هۆکاری نەگەڕاندنەوەی نەخۆشەکە، نەبوونی شوێنی تایبەت بوو لەنێو فڕۆکە"
 
لوقمان حوسێن، بەرپرسی کۆمپانیای ئەحفاد سەڵاحەدین بۆ حەج و عومرە، هۆکاری نەگەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارەی بۆ کەمتەرخەمیی کۆمپانیای فڵای بەغداد گەڕاندەوە." هێلەکە ئیمەیڵێکیان بۆ ئێمە نارد و گوتیان، با نەخۆشەکە نەیەت، چونکە دەبێت ستافێکی ئەندازیاری بچنە نێو فڕۆکەکە و کورسییەکان لابدەن و سیسەمێکی بۆ دابنێن، ئەمەش سێ رۆژی پێویستە، دەبوو هێڵەکە زوو ئێمەیان ئاگادار کردایە".
 
 
ڤیزەی گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستان بیمەی تەندروستیی لەگەڵە، کە بۆ ماوەی سێ مانگە. فەریق رۆستەم زیاتر لە سێ مانگە لە نەخۆشخانەکانی سعودیە چارەسەریی پزیشکی وەردەگرێت. دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە بە "رەزامەندیی خۆی" جارێکی دیکە نەخۆشخانەکانی سعودیە وەریان نەگرتووەتەوە.
 
"سبەی فەریق رۆستەم دەگەڕێندرێتەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی"
 
نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، وادەی گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارەی ئاشکراکرد. "سبەی کاژێر 8ـی ئێوارە فەریق رۆستەم لە رێگەی هێڵی فڕۆکەوانیی فڵای بەغداد دەگەڕێندرێتەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی".
 
 
د. سوفەییە سوهەیل، باڵیۆزی عێراق لە سعودیە، بە رووداوی گوت: لە رێگەی کۆنسوڵی عێراقەوە ئەمڕۆ سەردانی ئەو نەخۆشە کراوە و کۆنسوڵ بەدواداچوونی بۆ کردووە. سبەی لە رێگەی هێڵی فڵای بەغدادەوە فڕۆکەی هەیە و راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ سلێمانی.
 
باڵیۆزی عێراق لە سعودیە دەشڵێت: کوڕی فەریق داوایکردووە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی بگەرێنەوە بۆ کوردستان، پێشتریش بۆیە رێگە نەدراوە بگوازرێتەوە چونکە پزیشک گوتوویانە کاریگەریی لەسەر تەندروستیی دەبێت.