وردەکاریی گیانلەدەستدانی عەقید فوئاد زرار
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 01:47ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، عەقید فوئاد زرار، ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو. هاوکات، گولـلەیەک بەر قاچی چەپی کەوتووە و تاوەکو ئێستا سەرچاوەکەی دیار نییە.
رووداو چووە شوێنی رووداوەکە و بەپێی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلەکەی عەقید فوئاد حکومییە و لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکسە، گولـلەیەک لە دەرگای لای شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دەرچووە و بەر بارهەڵگرێک کەوتووە کە لەسەر شەقامەکە بووە، ئێستا خاوەنی بارهەڵگرەکەش دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
عەقید فوئاد زرار ئەفسەری لیوای 18ی فەوجی دووی وەزارەتی پێشمەرگە بووە و ئەرکەکەی لە چیای قەرەچووخی سنووری قەزای مەخموور بووە، دوای ئەوەی تەرمەکەی عەقید فوئاد زرار لەلایەن دادپزیشکی هەولێرەوە توێکاری کراوە، بە ماڵباتەکەیان راگەیاندوون کە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
عەقید فوئاد زرار تەمەنی 50 ساڵە و باوکی حەوت منداڵە، کەسوکارەکەی دەڵێن، کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەبووە، هەر ئەمڕۆش تەرمەکەی لە گۆڕستانی مۆرتکەی بچووک بەخاکسپێردرا و لە قوشتەپە پرسەی بۆ دانراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هۆکاری گیانلەدەستدانی عەقید فوئاد زرار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کراوەتەوە و کەسوکاری چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەن.