پارێزگاری ورمێ: بەو دۆخەی ئێستاوە دەریاچەکەمان نابووژێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ دەڵێت، "ئەو بڕە ئاوەی بۆ دەریاچەی ورمێ بەردەردرێتەوە و ئەو بڕی باران و بەفرەی ساڵانە دەبارێت، ناتوانن دەریاچەی ورمێ ببووژێننەوە". ئاماژە بەوەش دەکات، ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ هاوکاریی جووتیارانی پێویستە و دەبێت بەکارهێنانی ئاو کەم بکرێتەوە.
محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ کە هاوکات بەڕێوەبەری گرووپی نیشتمانیی رزگارکردنی دەریاچەی ورمێیە، گوتی، "کەمبوونەوەی بارانبارین و بەفربارین، بەکارهێنانی زۆری ئاو بۆ کشتوکاڵ و باخداری و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بوونەتە هۆی زیاتربوونی کێشەکانی دەریاچەی ئورمییە."
ئەوەی کە پەیوەندی بەو ئاوەوەیە لە دەریاچەکەدایە، عیسا کەلانتەری، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، سەرەتای مانگی رابردوو گوتی، دەریاچەی ورمێ 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، ئەوە لە کاتێکدایە سێ ساڵ لەمەوبەر زیاتر لە 3 ملیار مەتری سێجای تێدابوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد، رووبەری ئەو دەریاچەیە 920 کیلۆمەترە، کەچی دوو ساڵ لەمەوبەر 3 هەزار و 100 کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو.
محەممەد سادق موعتەمدیان دەڵێت، کەسانێک رەخنە لە پلانی حکومەت تایبەت بە ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەگرن، کەچی خۆیان هۆکاری ئەو دۆخەن دەریاچەکە تێی کەوتووە.
پارێزگاری ورمێ گوتی، چەند شتێک وایانکردووە دۆخی دەریاچەی ورمێ لە ساڵانی رابردوودا زیاتر تێکبچێت، وەکو چاندن و روواندنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی ئاوی زۆریان دەوێت و بەکارهێنانی ئاوی زۆر بۆ کشتوکاڵ.
بەگوتەی موعتەمدیان، لە ناوچەی رێژاوی دەریاچەی ورمێدا 115 هەزار بیری ئاو بۆ کشتوکاڵ هەن کە زیاتر لە 70 هەزار بیریان نایاسایین.
بەنداوەکانی سەر ئەو رووبارانەی ئاو دەگەیێننە دەریاچەی ورمێ هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکەن. بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی چاودێریی ژینگەی ئێران، 99 بەنداو لە سەر رووبارەکانی دەریاچەکە دروستکراون.
زانکۆی شەریفی تارانیش لە بەدواداچوونێکدا دەڵێت، ئاوی دەریاچەی ورمێ لە 60 ساڵی رابردوودا بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە.