رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابییانی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد و بەو هۆیەوە، لە کاژێر شەش بۆ هەشتی بەیانی ئینتەرنێت پچڕا، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات لە سلێمانی دەڵێت، رۆژانە زیاتر لە دوو کاژێر هێڵی ئینتەرنێت دەبڕدرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 6ـی ئابی 2023 تاقیکردنەوەی خولی دووەمی قوتابییانی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 14ـی ئاب دوایین تاقیکردنەوەیە.
ساڵانە لەکاتی تاقیکردنەوەکانی قوتابییانی 12ـی ئامادەییدا ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت. تریفە محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانە لەکاتی دابەشکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەدا بڕانی ئینتەرنێت دەستپێدەکات و زیاتر لە دوو کاژێر بەردەوام دەبێت".
تریفە محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، تاقیکردنەوەکان بەگوێرەی پلانی وەزارەتی پەرەوەردە دەکرێن و هیچ گرفتێکیان بۆ دروست نەبووە.
رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023، تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 117 هەزار و 364 قوتابی مافی تاقیکردنەوەیان هەبوو؛ 75 هەزار و 239 لە بەشی زانستی 39 هەزار و 113 لە بەشی وێژەیی و 3 هەزار و 12 قوتابی لە بەشی پیشەیی.
راگرتنی ئینتەرنێت لەکاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەییدا ساڵانە دووبارە دەبێتەوە؛ داخستنی هێڵەکان بە ئامانجی رێگریکردنە لە "گزیکردنی قوتابیان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا"، راگیرانەکە بە نووسراوی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ