رووداو شوێنی 500 ژنە کوردە رفێندراوە ئێزدییەکە ئاشکرادەکات

رووداو-هەولێر

سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان شوێنی ئەو 500 ژنە کوردە ئێزدییە ئاشکرادەکات کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون و بۆ ئەوێ بردراون. ئێڤار ئیبراهیم لە شاری دهۆکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ئەو ژنانە ژمارەیان لە 500 ژن زیاترە و بردراونەتە هۆڵێکی وەرزشی لە بەرامبەر هوتێل نەینەوا پاڵاس لە رۆژئاوای شاری موسڵ”.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە “رەوشی ئەو ژنە کوردە ئێزدییانە زۆر خراپە. هەروەها رەوشی ئەو ژنانەش خراپە کە رایانکردووە و پەنایان بۆ پارێزگای دهۆک هێناوە”.

دوێنێ شاندێکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆمەڵگەی شاریا سەردانی ئەو ئاوارە ئێزدییانەیان کرد کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) بۆ سەر ناوچەکانیان لە شنگال و دەوروبەری ئاوارەبوون. ئەو شاندە خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتێکن لەسەر رەوشی مرۆیی ئەو ئاوارانە بۆئەوەی پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان بکەن.