رووداو دەبێتە سەرچاوەی میدیا جیهانییەكان

رووداو - هەولێر

لەكاتی رووماڵی رووداوەكانی رووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش، رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكانی موسڵ و شنگال، ژمارەیەك لە میدیا جیهانییەكان هەواڵ و راپۆرت و  زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداویان كردووەتە سەرچاوەو لە راپۆرتەكانی خۆیاندابەكاریان هێناون.

لەبەرئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی یەكشەممەی رابردووەوە بەردەوام بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەواڵ و زانیاری نوێی لەبارەی رووداوەكان گواستووەتەوەو هەروەها پەیامنێرەكانی لە شوێنی رووداوەكان بەشێوەیەكی خێرا زانیارییان گەیاندووە، میدیا جیهانییەكان رووداویان كردووەتە سەرچاوەی هەواڵ و راپۆرتەكانیان.

ئاژانسی هەواڵی ئینتەرناشناڵ بزنس تایمزی ئەمریكی لە تازەترین راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی شنگال و عەین زالە، زانیارییەكانی رووداوی كردووەتە سەرچاوە و لە باسی دەستبەسەرداگرتنی كێڵگە نەوتییەكان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەو زانیارییانەی رووداویشی گواستووەتەوە كە باس لە فرۆشتنی نەوت دەكەن لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی داعش و میلیشیا سوننەكانەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەنتی وۆر، كە یەكێكە لەو ئاژانسانەی بەردەوام رووماڵی رووداوەكانی عێراق دەكات، لە راپۆرتێكیدا كە باس لە زەروورەتی هاوكاری ئەمریكا دەكات بۆ باشووری كوردستان، راپۆرتێكی  هەفتەنامەی رووداوی كردووەتە سەرچاوەی خۆی و زانیارییەكانی لەو راپۆرتەوە وەرگرتووە و لەسەر بنەمای زانیارییەكانی رووداو، راپۆرتێكی شیكاری لەسەر ئەو پرسە بڵاوكردووەتەوە.

ئەو ئاژانسە نووسیویەتی رووداو پشتی بە هەندێك راپۆرتی تایبەتی خۆی بەستووەو لەو پرسەدا تەنها باس لە هاوكاری هێزی ئاسمانی ئەمریكا ناكات بۆ كورد، بەڵكو قسە لەسەر دەستێوەردانی راستەوخۆی ئەمریكاش دەكات لە ململانێیەكەدا.

رۆژنامەی ئەلیكترۆنی ئۆپۆسینگ ڤیوزی ئەمریكی بە هەمانشێوە پشتی بە راپۆرتە جیاوازەكانی رووداو بەستووە و لەوێوە راپۆرتی خۆی لەسەر دوایین پێشهاتەكان لە نزیك چیای شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری بڵاوكردووەتەوە.

لەندەن ساوس ئیست لە راپۆرتێكیدا سەبارەت بە دووپاتكردنەوەی پشتگیریی پێشمەرگە و سەركردەكانی كورد، بۆ كوردە ئێزدییەكان و هەروەها لە باسكردن لە ئامادەباشی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر چەكدارانی داعش، چەند راپۆرت و هەروەها ئەو دیمانە تەلەڤزیۆنییانەشی كردووەتە سەرچاوەی خۆی، كە لە تەلەڤزیۆنی رووداوەوە بڵاوكراونەتەوەو نیشاندراون.

هەروەها تۆڕی هەواڵی NTV ی ئەڵمانی سەبارەت بە رەوشی خەڵكی ناوچەكانی شنگال بەتایبەت ئێزدییەكان، لە راپۆرتی خۆیدا باسی لە رەوشەكە بەگوێرەی زانیاری و هەواڵەكانی رووداو كردووە. لە راپۆرتی ئەو ئاژانسەدا هاتووە، كە رووداو بەردەوام راپۆرتی ورد و خێرای لەسەر هێرشی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە بڵاوكردووەتەوە.