60 منداڵ و پیر لە چیای شنگال مردن
رووداو – شنگال
60 منداڵ و پیرەژن و پیرەمێردی كوردی ئێزدی لە چیای شنگال لە برسان و تێنوێتیان مردن .
بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێستا لەلایەن پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوەوە راگەیێندران ، ژمارەی ئەو كەسانەی لە چیای شنگال لە برسان و تینوێتیان گیانیان لەدەستدەدەن دەقیقە دوای دەقیقە زیاتر دەبن .
بەرەكات عیسا ، پەیامنێری رووداو لە شنگال ، كە چەند رۆژێكە لە چیای شنگالە هەر ئێستا رایگەیاند كە " كارەساتێكی مرۆیی لە چیای شنگال هەیە ، لەژێر ئەو گەرمایەدا خەڵك وردە وردە گیان لەدەستدەدات ، بەتایبەتی منداڵ و پیرەژن . خەڵك چیتر ناتوانێ خۆی رابگرێت لە برسان و تینوێتیان . ئەو خۆراك و ئاوەی كە دەگوترێت بە فڕۆكە بۆ سەر چیا هێنراوە كەس نایبینێت . بەڕاستی كارەساتێكی مرۆیی لێرە هەیە كە پێویستی بە هاوارهاتنێكی بەپەلەی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە ، داوا دەكەین كە بەهانای ئەو دەیان هەزار خەڵكەوە بێن ، ئەگەرنا هەموویان بە كۆمەڵ دەمرن ".
لە دوای گرتنی شنگال و ناوچەكانی دیكەی قەزای شنگال لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش ) ، لەڕۆژی 3ی ئەو مانگەدا دەستی بەسەر شنگال و زوومماردا گرت و ، لەئەنجامدا دەیان هەزار كەس لە خەڵكی ناوچەكە ئاوارەبوون بەرەو دهۆك و ، هەندێكیشیان چوونە چیای شنگال . كە بەپێی زانیارییەكانی حازم بەگ ، وەكیلی تەحسین بەگی میر ئێزدیان ، ژمارەیان 50 هەزار كەسە .