ئەنجوومەنی فەتوا: هەر کەسێک زەوی کشتوکاڵی نەبێت و پسووڵەی وەرگرتنی گەنم وەربگرێت، پارەکەی حەرامە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دروست نییە كهسێك جووتیاری راستەقینە نهبێت و خاوهن زهوی كشتوكاڵی نهبێت، بەڵام پسووڵەی گەنم وهربگرێت و دواتر بیفرۆشێتەوە. بەرپرسێک لە یەکێتییەکە دەڵێت: "ئەوەی ئەو کارە بکات، پارەکەی حەرامە".
لە راگەیێندراوێکدا ئەنجوومەنی باڵای فەتوا کە سەر بە یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستانە، دوو خاڵی وەک "روونکردنەوە" سەبارەت بە مامەڵەکردن بە پسووڵەی وەرگرتنی گەنمەوە بڵاو کردووەتەوە:
یهكهم: له رووی شهرعییهوە به هیچ شێوهیهك دروست نییە كهسێك جووتیاری راستەقینە نهبێت و خاوهن زهوی كشتوكاڵی نهبێت، پسووڵهكه وهربگرێت یان پێی بدرێت و ئهویش دواتر بیفرۆشێتهوه.
دووهم: دروست نییه جووتیاری خاوهن زهوی بە رێگهی نایاسایی و ناشهرعی یان به بهكارهێنانی (واسته) و (بهرتیل) ههوڵ بدات زیاتر له ئهندازهی زهوییهكهی (استحقاق)ی له پسووڵهكهدا بۆ بنووسرێت.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان رۆژی شەممە 06-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر فەتوایەکمان هەبوو. ئێستا روونکردنەوەکە بڵاوکراوەتەوە، چونکە کاتی وەرگرتنی گەنمە و خەڵکیش زیاتر لە رابردوو مامەڵەی ناشەرعی ئەنجام دەدەن".
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتی: "ئێستا خەڵک هەیە زەوی کشتوکاڵی نییە و بە ناڕەوا پسووڵەی وەرگرتنی گەنمی وەرگرتووە و فرۆشتوویەتییەوە و بازرگانی پێوە کردووە. ئەوە بە هەموو شێوەیەک حەرامە".
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی فەتوادا هاتووە: "داوا له لایهنی پهیوهندار دهكهین بە ههستیاری و دادپهروهرانه مامەڵه لهگهڵ ئەم بابەتەدا بكات و رێگری تهواو له گهندهڵی لهم پرۆسهیەدا بكات".
بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بە گوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران، لە کاتێکدا گەنم لە بازاڕی بازرگانیدا ئەو پارەیە ناکات.
بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەم بارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.