ناوەندێک بۆ دەنگدانى پەرلەمانى کوردستان لە کەرکووک دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لقى کەرکووکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق، ناوەندێكى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەو شارە دەکاتەوە.
عەلى عەباس، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى لقى کەرکووکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ناوەندێکى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێتەوە بۆ ئەوەى ئەو کارمەندانەى دەزگە ئەمنییەکان کە کارتى دەنگدانیان پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانە و لە کەرکووک نیشتەجێن، لەو ناوەندە بەشدارى لە دەنگدانى تایبەت بکەن."
20ـى تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان لەلایەن نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دیاری کراوە، بەڵام دەنگدانى تایبەتى هێزە ئەمنییەکان پێش ئەو رۆژە دەکرێت.
عەلى عەباس گوتى، "شوێنى ئەو ناوەندەى دەنگدان هێشتا دیارى نەکراوە. لە رۆژانى داهاتوودا رێنمایى تەواو بڵاودەکەینەوە لە بارەى ئەو کەسانەى کە دەتوانن لە کەرکووک بەشدارى دەنگدانەکە بکەن".
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان یەکەمجارە فرە بازنەیی دەبێت. بە گوێرەى نوێترین ئامارى کۆمیسیۆن، زیاتر لە 116 هەزار کارتى بایۆمەترى دەنگدان بۆ دەنگدەرانى تایبەت کراون.