گۆشتفرۆشانی سلێمانی رەتیدەکەنەوە پارەی پشکنینی خوێنی ئاژەڵ بدەنە کوشتارگەکان
رووداو دیجیتاڵ
بەشێك لە گۆشتفرۆشەكانی كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی ئامادە نین هیچ بڕە پارەیەك بدەن بۆ پشكنینی خوێنی ئاژەڵەكانیان. بەو هۆیەوە رۆژی شەممە هیچ ئاژەڵێك لە كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی سەرنەبڕدرا.
دکتۆر تاریق عەلی، پزیشكی ڤێتێرنەری لە بەڕێوەبەرایەتیی كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی رۆژی شەممە بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هیچ ئاژەڵێك لە كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی سەرنەبڕدراوە و لەبارەی هۆكارەكەشی گوتی: "گۆشتفرۆشەكانی كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی ئامادە نین دوو هەزار دینار بۆ هەر سەر ئاژەڵێك بدەن لە بەرامبەر پشكنینی خوێنی ئاژەڵەكان بۆیان."
لەبارەی هۆکاری وەرگرتنی نموونەی خوێن لە ئاژەڵان، دکتۆر تاریق عەلی باسی لەوەکرد، کە وەرگرتنی خوێن"بۆ ئەوەیە بزانین پێش ئەوە ئاژەڵەکە دەرزی لێدراوە یان نا، چونكە ئەگەر دەرزی لێدرابێت، ئەوا بەپێی جۆری دەرزییەكە، نابێت بۆ چەند رۆژێك گۆشتی ئەو ئاژەڵە بخورێ".
پزیشكەكەی كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی گوتیشی: "ئەمڕۆ گوشتفرۆشەكان هیچ گۆشتێكی مۆركراویان نەبووە؛ ئەمەش گرفتی لەنێو بازاڕ دروستكردووە. بەهیوای ئەوەین لایەنی پەیوەندار ئەم گرفتە چارەسەر بكات."
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژانە لە كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی نزیكەی 700 سەر ئاژەڵ سەردەبڕدرێن.