مەسرور بارزانی بۆ مەسعود پزیشکیان: بە هیوای قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان

06-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەکو سەرۆککۆماری نوێی ئێران و دەڵێت، "بەهیوای قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان."

رۆژی شەممە، 06-07-2024 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێرانی بڵاوکردەوە و بەپێی راگەیێندراوەکە، مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا داوای کردووە پەیوەندیی "لەمێژینەی هەرێمی کوردستان و ئێران" بکرێتە زەمینەیەکی لەبار لە پێناو لێکتێگەیشتنی زیاتر و نەهێشتنی هەر کۆسپ و کێشەیەک و جێگیرکردنی پەیوەندییەک کە لە ئاست چاوەڕوانیی هەردوولادا بێت.
 
مەسرور بارزانی بە مەسعود پزیشکیان-ی راگەیاندووە، کە ئەوان وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکار دەبن و دەیانەوێت پێکەوە کار بکەن بۆ ئاشتی و "سەقامگیری و پیشکەوتنی زیاتر" لە ناوچەکەدا.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت، سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە خواستی هەرێمی کوردستانە "پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان بدەین بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان."
 
بەیانی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری نوێی ئێران کردبوو و رایگەیاندبوو، "بە هیوای قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی و رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش."
 
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
بەرێز دکتۆر مەسعود پزیشکییان
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران
 
بە ناوی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی گەلانی ئێران و هەڵبژاردنتان وەک نۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و ئاواتەخوازین کە پلان و بەرنامەکانی کابینەکەتان، گەشەسەندن و پێشکەتنی زیاتری بۆ گەلانی ئێران لێ بکەوێتەوە و هەروەها پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و کولتوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەل هەرێمی کوردستان و عێراق و تێکڕای ناوچەکە ، بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.
 
ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکار دەبین و دەخوازین لە سەر بنەمای ڕێز و دۆستایەتی دوولایەنە، باشترین پەیوەندیمان لە گەل کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت و پێکەوە کار بکەین بۆ ئاشتی و سەقامگیری و پیشکەوتنی زیاتر لە ناوچەکەماندا و بە تایبەت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان بدەین بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان.
 
هەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە کە دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بکرێتە زەمینەیەکی لەبار لە پێناو لێکتێگەیشتنی زیاتر و نەهێشتنی هەر کۆسپ و کێشەیەک و جێگیرکردنی پەیوەندییەک کە لە ئاست چاوەڕوانیی هەردوولامان بێت.
 
هەر سەرکەوتووبن و خوای گەورە یار و یاوەر و پاڵپشتتان بێت.
 
مەسرور بارزانی
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

مەسعود حەیدەر: رۆژانی داهاتوو مووچەی تەواوکاری مانگی 9ی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا مووچەی تەواوکاری مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت