رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق یان تیروپشکى ژمارەى بەربژێر و لیستەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دووبارە دەکاتەوە یان تیروپشکى تەواوکاریى پێشوو دەکات.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بەهۆى گۆڕانکارى لە ژمارەى بەربژێران و لیستەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، گۆڕانکاری لە ژمارەکانیان روودەدات، بۆیە دوو رێگە لەبەردەم کۆمیسیۆنە و دوو رێگەکەش ئەمانەن: یان جارێکى دیکە تیروپشک بۆ ژمارەى بەربژێر و لیستەکان دەکرێتەوە یان تیروپشکى تەواوکاری دەکرێت بۆ ئەوانەى نوێ ناویان تۆمار کردووە."
8ی نیسانى 2024 کۆمیسیۆن تیروپشکى بۆ ئەو بەربژێر و لیستانە کرد کە تاوەکو ئەو کاتە ناویان تۆمار کردبوو بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە لە ژمارە 101ەوە دەستیپێدەکرد و 57 بەربژێر و 10 پارت و 2 هاوپەیمانێتى بوون.
عیماد جەمیل گوتى، "ئەگەر بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کە تیروپشکى تەواوکارى بۆ ژمارەى بەربژێر و لیستە نوێیەکان بکرێت، لەو ژمارەیەوە دەستپێدەکات کە لە تیروپشکى پێشوو کۆتایی هاتووە."
لە 4ى تەممووزەوە کۆمیسیۆن دەرگای پێشکێشکردنی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت، بەربژێری تاک و پێکهاتەکان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە کە تاوەکو 15ى تەممووز بەردەوام دەبێت. عیماد جەمیل گوتى، "دواى کۆتاییهاتنى ئەو وادەیە، کۆمیسیۆن بڕیارى کۆتایی لەسەر شێوازى تیروپشکى ژمارەکانیان دەدات."
تیروپشکى ژمارەى بەربژێرانى سەربەخۆ، بەربژێرى کۆتاکانیش دەگرێتەوە کە پێنج کورسین و بەسەر سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان دابەشبوون؛ دوو کورسییان بۆ تورکمان، دووان بۆ کریستیان، یەک کورسى بۆ ئەرمەنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ