دارتوویێکی تەمەن 300 ساڵ لە گەڕەکێکی سلێمانی تۆماردەکرێت بۆ پاراستنی

رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێک لە دارە بەتەمەنەکانی سلێمانی، کەوتووەتە ناوەڕاستی گەڕەکی کۆستەی چەم، لەلایەن رێکخراوی ژینگەدۆستییەوە دەستنیشانکرا بۆ ئەوەی پارێزگاریی لێ بکرێت.
 
دارتووەکە لەبەردەم ماڵی فاتیح ئەمینە، کە دەڵێت توویێکی زۆر خۆشی هەیە و رێگە بە کەس نادات زیانی پێبگەیێنێت.
 
فاتیح ئەمین، دانیشتووی گەڕەکی کۆستەی چەم بە رووداوی گوت "شانازی بەم دارەوە دەکەین، هەرکەسێک شتێکی لێ بکات، لێی قبوڵناکەین و حکومەتی لێ ئاگاداردەکەینەوە."
 
بەگوتەی موختاری گەڕەکی کۆستەی چەم، نزیکەی 30 داری بەتەمەنی لەو جۆرە لە گەڕەکەکەیاندا هەبوون، بەڵام لەدوای ساڵی 2000ـەوە هەمووی لەنێوچوون جگە لە دوانیان.
 
ئەنوەر رەشید شووەیلان، موختاری گەڕەکی کۆستەی چەم گوتی "خەڵکێک هاتووەتە گەڕەکەکەمان و دەڵێت دارەکە رێگەی گرتووە و دەبێت لاببرێت، بەڵام رێگەی پێنادەین، چونکە بەم دارە دەیسەلمێنین کۆستەی چەم مێژوویێکی کۆنی هەیە و، دارەکانمان تەمەنیان 300 ساڵ بەرەوسەری هەیە."
 
پڕۆژەی تۆمارکردنی 100 داری بەتەمەن لەلایەن رێکخراوی ژینگەدۆستی و بە هاوکاریی پۆلیسی دارستان بەڕێوەدەچێت.
 
هەژار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە رووداوی گوت "پەرژینێک بەدەوری دارەکەدا دروستدەکەین، چیمەنتۆکەی دەوری دارەکە هەڵدەکەنین و بەشێوەیەکی زانستی خزمەتی دەکەین. هاوکات بۆیەیێکی رووەکیی لە قەدەکەی دەدەین، کە پارێزگاری لە درەختەکە دەکات لە گەرما و مێرووەکان و کەڕوو، هەروەها دارەکە لە نامیلکەیەکی ژینگەییدا تۆماردەکەین، لەگەڵ ئەمەشدا لەگەڵ لایەنی بەرپرس و حکومی ناوچەکە گرێبەستێک واژۆدەکەین، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە درەختەکە بکەن."
 
هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێ "هەر کەسێک زیان بە دارەکان بگەیێنێت، لە شوێنی دارە بڕاوەکان چەندین داری پێ دەڕوێنین، هەروەها سزای دارایی بە بڕی پێنج ملیۆن دینار دەدرێت و بەندیش دەکرێت."
 
بەشێک لە دارە بەتەمەنەکان، کەوتوونەتە ناوچەی نیشتەجێبوونەوە، بۆیە زیانیان پێگەیشتووە و پێویستیی زۆریان بە پارێزگارییە.
 
لەچوارچێوەی پڕۆژەی تۆمارکردنی 100 داری بەتەمەن، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 14 دار تۆمارکراون و، بڕیارە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش دارە بەتەمەنەکان تۆماربکرێن و پارێزگارییان لێ بکرێت.