هونەرمەندێک بەهۆی گوتنی 'خۆشی لەوەی دەڵێت تورکم' لە وان بوتڵباران کرا

رووداو دیجیتاڵ

گۆرانیبێژ بەنگو، لە کۆتایی کۆنسێرتێکی کە لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان پێشکێشیکرد گوتی 'خۆشی لەوەی دەڵێت تورکم'. وانییەکان بوتڵی ئاویان لەو هونەرمەندە گرت و سەرکۆنەیان کرد.
 
لە فێستڤاڵی رێگەی کولتووریی وان، گۆرانیبێژی تورک بەنگو ئەردەن، کۆنسێرتێکی پێشکێش کرد و لە کۆتاییدا گوتەی تورکبوونی گوت کە دەڵێت "نە موتڵو تورکوم دیەنە؛ واتا خۆشی لەوەی دەڵێت تورکم."  
 
ئەمە ناڕەزایی ئامادەبووانی لێکەوتەوە کە بە نزیکەیی هەموویان کوردن. هەر بۆیە سەرۆکۆنەی ئەو هونەرمەندەیان کرد و سەدان بوتڵی ئاویان لە سەکۆی کۆنسێرتەکە گرت. 
 
گۆرانیبێژەکە نەیتوانی چیدی لەسەر سەکۆ بمێنێتەوە و بەپەلە رایکرد.
 
رووداوەکە شەوی رابردوو روویدا و ئەو فێستیڤاڵەش بە سەرپەرشتیی وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا رێکخرابوو. بەنگو لە کۆتایی کۆنسێرتەکەیدا گوتی "سوپاسی وەزارەتی کولتوور و گەشتیاری دەکەم بۆ ئەم کۆنسێرتە جوانە، خۆشی لەوەی دەڵێت تورکم." 
 
ئەگەرچی گۆرانییەکانی تەواو کردبوو، بەڵام رێگەی پێنەدرا بە تەواوی ماڵئاوایی بکات و ناچار کرا ئەو شوێنە جێبهێڵێت. 
 
ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە سەرۆکۆنەی کۆمپانیای رێکخەر و سەرپەرشتیارانی فێستڤاڵەکەیان کرد، کە سەر بە وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیان.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایی لە هەردوو بەرەوە بەردەوامە. بەشێک پێیانوایە ئەو گۆرانیبێژە شتێکی ئاسایی گوتووە. بەشێکیش کە زۆرینە کوردەکەن، دەڵێن، نەدەبوو ئەو گوتەیە لە پارێزگایەکی وەکو وان بکرێتە جێی باس، کە کوردنشینە. 
 
فەرهاد ئەنجو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "لە فێستیڤاڵی کولتووریی واندا گۆرانیبێژ بەنگو، بە جەماوەری گوتووە 'خۆشی لەوەی دەڵێت تورکم'، هەر بۆیە گەنجان وەڵامی پێویستی ئەو گوتە نەژادپەرستەیان داوەتەوە." 
 
گوتەی 'خۆشی لەوەی دەڵێت تورکم'
 
ئەو گوتەیە، ساڵی 1933 لە دوایین رستەی دەیەمین نوتق (گوتە)ـی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیادا هاتووە. دەیەمین گوتەی ئەتاتورک بەبۆنەی جەژنی کۆماریی تورکیاوە پێشکێش کرا. 
 
ئەوکاتە سەرەتاکانی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بوو، ئەو گوتەیە لە زۆربەی دامودەزگا حکومییەکاندا پشتگیری کرا و هەڵواسرا. 
ساڵی 1972 وەزارەتی پەروەردە ئەو گوتەیەی خستە نێو سوێندی سەرکەوتنی قوتابیان و ناوی نا 'ئاندیمیز.' 
 
ئاندیمیز، ئەو سوێندەیە، کە جەخت لەسەر تورکبوون و رێبازی ئەتاتورک دەکاتەوە، بۆ ماوەی 80 ساڵ بەیانییان لە ریزی قوتابخانەدا دەخوێندرایەوە، بەڵام ساڵی 2013 لەلایەن ئاکپارتییەوە هەڵگیرا. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، لەمبارەیەوە رایگەیاند، لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتووی جیهاندا دەقی نەژادپەرستانە بە منداڵان ناخوێندرێتەوە. هەروەها رەخنەی لەوە گرت کە منداڵێکی کوردی ئامەد و منداڵێکی لاز لە هەرێمی دەریای رەشەوە هەموو بەیانییەک ناچار بکرێت و بڵێت "من تورکم."
 
تەنانەت ئێستاش پارتەکانی وەکو ئیی پارتی و مەهەپە دەیانەوێت ئەو سوێندە بگەڕێننەوە، بەڵام دەم پارتی و ئاکپارتی دژی ئەو بڕیارەن. ساڵی 2021 جارێکی دیکە ئیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەرال ئاکشەنەر هەوڵی گەڕاندەوەی سوێندەکەیان دا، بەڵام بە دەنگی 'نەخێر'ـی ئاکپارتی و هەدەپە رەتکرایەوە.
 
بەنگو کێیە؟
 
گۆرانیبێژ بەنگو ئەردەن، ساڵی 1979 لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا لەدایکبووە. کۆلیژی کارگێڕیی کاری لە زانکۆی ماڕماڕا تەواوکردووە. لە قۆناخی بنەڕەتییەوە سەروکاری لەگەڵ هونەر هەبووە و لە تیپی میوزیکی قوتابخانەدا ئەندام بووە. بەشداریی لە کۆنسێرت و شانۆگەریی قوتابخانەکاندا کردووە. 
 
لە ساڵی 1998 یەکەمجار بەرهەمی تایبەت بە خۆی بڵاوکردەوە و لەوێوە دەستی بە کاری کلیپ و کۆنسێرت کرد.