منداڵانی کوردستان لە سایەی یاریی ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیا؛ 'بەرەو فیلمی رووت و خۆکوشتنیان دەبات'

 
رووداو - سلێمانی

بەشێک لە منداڵان لە هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ فلتەرێک مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن؛ تیکتۆک وەکو تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بە نموونە، کە جگە لە بەکارهێنانەکەی، قسەی نەشیاو و جنێوی بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن بەکارهێنەرانیەوە تێدا بەکاردەهێندرێت، بەشێکی بەکارهێنەرانیشی منداڵانن.
 
رووداو لەگەڵ 11 منداڵی گەڕەکێکی سلێمانی دانیشت، 10 دانەیان مۆبایلیان هەبوو، یەکێکیشیان مۆبایلی دایک و باوکی بەکاردەهێنێت، تەمەنیان شەش بۆ 13 ساڵ بوو، رۆژانە لە سێ کاژێرەوە تاوەکو 11 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنن.
 
ئەو منداڵانە هەموویان شەوانە درەنگ دەخەون، یەکێکیان دەڵێت، "12:00ی شەو دەنووم." یەکێکی دیکەیان تاوەکو کاژێر 04:00ی بەیانی بەخەبەرە و دەڵێت، "تاوەکو تەماشای مۆبایل نەکەم، خەوم لێناکەوێت." منداڵێکی دیکە بەهۆی زۆر بەکارهێنانی مۆبایلەوە چاوی کز بووە و سەردانی پزیشکی چاوی کردووە، لەوێ پزیشک رێنوێنیی کردووە، مۆبایل کەم بەکاربهێنێت، بەڵام دەڵێت، بە قسەی پزیشکی نەکردووە.
 
یەکێک لە منداڵەکان، کە رۆژانە نزیکەی 10 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنێت، دایک و باوکی یاریی جیاوازیان بۆ کڕیوە و رۆژانە دەیبەنە دەرەوە بۆ یاری، بۆئەوەی وردە وردە لە مۆبایل دووری بخەنەوە. منداڵەکە باس لەوە دەکات، چاوی دەخورێت، سوور دەبێتەوە و بەرچاوی رەش بووە، هاوکات رۆژێک نەیتوانیوە ببینێت، بۆیە سەردانی پزیشکی کردووە و رێنوێنی کراوە مۆبایل کەمتر بەکاربهێنێت.
 
خوشکان ساڵح، دایکی ئەو منداڵەیە، سێ منداڵی دیکەشی هەیە، تەنیا ئەمیان مۆبایل زۆر بەکاردەهێنێت، بە جۆرێک کە ئەو رۆژەی زۆر مۆبایل بەکاربهێنێت، "تەرکیزی کەمترە."
 
ئەو دایکە داواکارە شوێنێکیان لە کۆڵانەکەدا بۆ بکەنە باخچە، بۆئەوەی منداڵەکان بچنە ناویەوە، یاری بکەن و دووربن لە مۆبایل.
 
خێزانێکی دیکەی پێنج کەسی، منداڵەکانیان تەمەنیان سێ بۆ 13 ساڵە، تاوەکو ئێستا منداڵەکان مۆبایلیان نییە. منداڵە تەمەن سێ ساڵەکە ناوی کارین فازیل-ە، دەڵێت، "لە ماڵەوە جبس دەخۆم و یاری لەگەڵ پروشی هاوڕێم دەکەم، بەڵام ئەو مۆبایل زۆر بەکاردەهێنێت، بۆیە چاوی کز بووە."
 
فازیل خالید، باوکی منداڵە سێ ساڵەکە باسی لەوە کرد، "لە چواردەوری خۆمان، منداڵم بینیوە بەبێ ئایپاد نان ناخوات و ناخەوێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر دواکەوتنی قسەکردن و کەم بیرکردنەوە و کەم بەکارهێنانی جەستەی دەبێت."
 
توێژەران رێنوێنیی بەخێوکاران دەکەن، سنوور بۆ کاتی بەکارهێنانی مۆبایل دابنێن و لە بەرامبەردا یاری بکرێت.
 
بڕوا جەزا شارەزایەکی دادوەرییە و خاوەنی کۆمپانیایەکی سکیوریتییە، دەڵێت، "کەیسی زۆرمان لایە کە تەنانەت منداڵی 10 ساڵ لە رێگەی یاریی پەبجییەوە چووەتە نێو گرووپ چات و تیکتۆکەوە، لەوێوە وێنە و ڤیدیۆیان گۆڕیوەتەوە."
 
خاوەنی ئەو کۆمپانیای سکیوریتییە کێشەیەکی دیکەی باسکرد، کە ماڵپەڕە قومارییەکانن و منداڵ زۆر دەچێتە ناویانەوە.
 
روان عەبدولمەجید، توێژەری کۆمەڵایەتییە و دەڵێت، "ناتوانرێت بە تەواوی منداڵ لە تەکنەلۆژیا دووربخرێتەوە، بەڵام دەکرێت کات بۆ منداڵەکان دابنرێت، بۆئەوەی بەخێوکارەکەی بتوانێت چاودێریی بکات و لە رێگەیەوە بابەتی بەسوود فێرببێت."
 
لە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان هەڵمەتی جیاواز هەن، دەیانەوێت بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن منداڵانەوە سنووردار بکەن.
 
لە چەندین توێژینەوەدا دەرکەوتووە، بەکارهێنانی مۆبایل دەبێتە هۆی:
 
1. ئالوودەبوون
2. دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
3. ئاشنابوون بە پۆرنۆگرافی و گوتەی ناشرین و مەیلی خۆکوشتن و بینینی سەتان ناوەڕۆکی خراپ
4. گۆڕینی شێوازی گەشەی مێشک و کەم تەرکیزی
5. دابڕینی منداڵ لە دنیا منداڵییەکەی خۆی
6. نەخۆشییە جەستەییەکان
 
پێشتر منداڵان لە کۆڵانەکان لە دەوری یەکدی کۆدەبوونەوە، ژینگەیەکی کۆمەڵایەتییان دروستدەکرد و پێکەوە یارییان دەکرد، بەڵام ئێستا کە شارستانیەت پێشکەوتووە و ژینگەیەکی گونجاو بۆ یاری کەمبووەتەوە، وردە وردە گەڕاونەتەوە نێو ماڵەکان و خوویان بە تۆڕە کۆمەڵایەتی و یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە گرتووە، تەنانەت ئەگەر لە پەنای یەکدیش دابنیشن ئامێرەکانی دەستیان دەرفەتی یاری و گفتوگۆیان کەمکردووەتەوە.