ئاگرێکی بەهێز لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەریر کەوتووەتەوە؛ 10 تیمی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەین

06-07-2023
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن فڕۆکەخانەی هەریر ئاگر ئاگرین دڵشاد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگرێکی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی هەریر کەوتەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئاگرەکە لەنێو فڕۆکەخانەی هەریرەوە سەریهەڵداوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-07-2023، ئاگر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەریر کەوتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە زەوی و دەغڵودانی جووتیاران کەوتووە.
 
تائێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی بەهێزیی ئاگرەکەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناتوانن لە شوێنەکە نزیک ببنەوە و کۆنترۆڵی بکەن.
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو (کاژێر 10:50 خولەکی بەیانی) لە نزیک شوێنی رووداوەکەوە گوتی، ماوەی دوو کاژێرە ئاگر لەو شوێنە کەوتووەتەوە، بەڵام تائێستا کۆنترۆڵ نەکراوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە رێگەی 10 تیمەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن.
 
رووبەرێکی زۆر لە زەوییەکانی دەشتی هەریر و باتاس بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون و ژمارەیەکی زۆر جووتیاریش بەهۆی سووتانی گەنمەکەیان زیانمەند بوون.
 
بەگوتەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەهۆی ئەوەی کە ئەمڕۆ بایەکی بەهێز لە دەشتی هەریر هەیە، ئەستەمە. 
 
جووتیارێک لەبارەی ئاگرەکە بە پەیامنێری رووداوی گوت، زیاتر لە دوو کاژێرە ئاگرەکە کەوتووەتەوە و زەوی، باخ، پەرێز و کۆمەڵێک ئاژەڵ سووتاون و هەندێک لە گوندەکان وەکو قاسمییە و باشوورەی خواروو زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
 
ئەو جووتیارە گوتیشی، ئاگرەکە لەنێو فڕۆکەخانەوە سەریهەڵداوە و ''ئەو فڕۆکەخانەیە بووەتە سەرئێشەیەکی زۆر بۆ ئێمە و بەهۆیەوە رۆژانە ئاگر دەکەوێتەوە''.
 
گوندەکانی قاسمیە و باشوورەی خواروو نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی هەریرەوە دوورن، بەڵام ئاگرەکە گەیشتووەتە ئەم گوندانە و زیانێکی زۆری بە جووتیاران گەیاندووە.
 
فڕۆکەخانەی هەریر لە ساڵی 1979 وەکو فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی لەسەر رووبەری 3000 مەتر دووجا دروستکراوە، ساڵی 1983 لە شەڕی عێراق - ئێراندا کرایە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی و رووبەرەکەشی کرایە 25 دۆنم. لە ساڵی 2003ـدا هێزەکانی ئەمریکا لێی جێگیر بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە