هیومان رایتس وۆچ: لە هەرێمی کوردستان مافی هاوڕەگەزخوازان پێشێل دەکرێت

06-07-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن هاوڕەگەزخواز LGBTİ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (HRW)، لە نوێترین راپۆرتیدا، رەخنە لە هەرێمی کوردستان دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکات، کە  مافی هاوڕەگەزخوازانی "پێشێل کردووە".
 
رۆژی 06ی تەممووزی 2023، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ ناسراو بە هیومان رایتس وۆچ، لە نوێترین راپۆرتیدا لەسەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە داخستنی تاکە رێکخراوی هەرێمی کوردستان، کە داکۆکی لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازان دەکات، گورزێک بە کۆمەڵگەی مەدەنی کەوتووە. 
 
رۆژی 31ـی ئایاری ئەمساڵ، دادگای سلێمانی رێکخراوی راسانی داخست، کە داکۆکی لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازان دەکرد، ئەمەش دوای ئەوەی عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری سکاڵای لەسەر رێکخراوەکە تۆمار کردبوو.
 
لە راپۆرتەکەدا، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت "راسان تاکە رێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤە، کە ئامادەیە بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتگیریی لە هاوڕەگەزخوازیی لە هەرێمی کوردستان بکات، لەپاڵ کارەکانی دیکەی لەسەر مافەکانی ژنان و تووندوتیژی خێزانی".
 
ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو رێکخراوە گوتی "داخستنی راسان تەنیا هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆشە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی ئەو کەسانەی پشتگیریان دەکەن. بە داخستنی راسان، حکومەت پەیامێکی روونی ناردووە کە رێز لە ئازادیی کۆمەڵەکان ناگرێت".
 
هەروەها ئەو بەرپرسەی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی خێرا بنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی رێکخراوەکانی وەک راسان رێگەیان پێدراوە بە ئازادی کاربکەن و دەستبەرداری هەراسانکردن و بەئامانجکردنی داکۆکیکارانی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بن".
 
لە راپۆرتەکەی رێکخراوەکەدا، تانیا کەمال دەروێش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی راسان ئاشکرای کردووە، هۆکاری داخستنی رێکخراوەکەیان بەهۆی چالاکییەکانیانەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی ئەوەوە بووە، کە دادوەر کێشەی لەگەڵ لۆگۆکەیان هەبووە، کە رەنگەکانی پەلکەزێڕینەی لەخۆگرتووە. لە فەرمانی دادگادا هاتووە کە "لیژنەی پسپۆڕان پشتڕاستی کردەوە لۆگۆی رێکخراوەکە دەربڕینێکی روونە بۆ چالاکییەکانی لە بواری هاوڕەگەزخوازیدا".
 
تانیا رایگەیاندووە رێکخراوەکەیان کە لەشاری سلێمانییە، تانەیەکی لە بڕیارەکەی دادگە داوە، تاوەکو وەڵامی تانەکەیان نەدرێتەوە ناتوانن دەست بە کارکردن بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە