تەندروستیی سلێمانی: یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکە تۆمار کرا

06-07-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی
سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون کە ژنێکی تەمەن 45 ساڵە، لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا.
 
سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی تووشبووەکە رایگەیاند، تووشبووەکە کە ژنێکی 45 ساڵە، دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە و مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە.
 
بەگوتەی سەباح هەورامی، ئەو ژنە پێشتر گومانی تووشبوونی بە تای خوێنەربوون لێ کراوە، بۆیە پشکنینی بۆ کراوە و ئەنجامی پشکنینەکەی ئەرێنی بووە. گوتیشی ئێستا لە نەخۆشەکانی دیکە جیاکراوەتەوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، دەکرێت بە سووکی تووشی بکات و زۆر جاریش دەبێتە هۆی مردن. 
لەبارەی تەندروستیی تووشبووەکە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، نەخۆشەکە لە نەخۆشخانەی شارە و هەموو چارەسەرێکی پێویستی بۆ کراوە و تەندروستی جێگیرە.
 
چەند کەسێکی دیکەیش لە پارێزگای سلێمانی گومانی تووشبوونیان بە تای خوێنبەربوون لێدەکرێت؛ سەباح هەورامی دەڵێت، ئەو کەسانەش لە نەخۆشانی دیکە جیاکراونەتەوە و چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانیان دەکەن، ئەگەر پشکنینەکانیان ئەرێنی بوو، شوێنیان بۆ ئەوانیش هەیە و دەیانخەنە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.
 
سەباح هەورامی داوا دەکات خەڵک پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و دەڵێت، زۆرینەی ئەو کەسانەی تووشی دەبن، مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەیە.
 
ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە کریمیا دۆزرایەوە؛ هەربۆیە ناوی لێنرا تای خوێنبەربوونی کریمیا؛ لە ساڵی 1956 نەخۆشییەکی هاوشێوە لە کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە و لە ساڵی 1969 دەرکەوت کە ڤایرۆسی کریمیا و کۆنگۆ هاوشێوەن؛ بۆیە زۆرجار لەگەڵ ناوەکە ناوی هەردوو ناوچەکەی پێوە دەلکێندرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە