رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دهۆک بەشێک لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان نەیانتوانیوە هەلی کار بەدەستبێنن و لە دۆخێکی خراپدا دەژین، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێژەی بێکاری لە دهۆک لە سەرووی 15٪ـە و پلاندانانی عێراقیش دهۆکی وەک هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستان پۆلێنکردووە.
رێڤینگ عادل باوکی دوو منداڵە و لەگەڵ هاوژینەکەی هەردووکیان دەرچووی زانکۆ و پایمانگەن، بەڵام بێکارن. تائێستا نەیتوانیوە ماڵێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت و لەگەڵ ماڵی باوکی دەژین، لەبەر ئەوەی ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.
رێڤینگ دەڵێت، "زۆر هەوڵمانداوە، کارمان دەست نەکەوتووە، ئێستاش بژێوی ژیانمان لەسەر کرێکاری یە. ساڵی 2019 ژنم هێنا. هاوژینەکەشم دەرچووی پەیمانگەیە و بێکارە."
کۆمەڵگەی کورا، تەنیا 19 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری دهۆکەوە دوورە؛ بێکاری تەنگی بە زۆربەی گەنجەکان هەڵچنیوە.
بارزان حەیدەر گەنجێکی بێکارە و دەڵێت، مەرجەکانی دەرفەتی کار "سەیرن، هەر بەڕاستی زۆر سەیر و سەمەرەن. مخابن، کەسێک دەرچووی زانکۆ بێت و هەندێک لە مەرجەکان نەیگرێتەوە، یاخود کەسێکی زیرەک بێت و مەرجەکان نەیگرنەوە. زۆر قورسە، ئیشەکە زیاتر پشت بە واستە دەبەستێت."
بەگوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی بێکاری لە دهۆک 15٪یە و پلاندانانی عێراقیش دهۆکی بە هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستان پۆلێنکردووە.
دهۆک وەکو پایتەختی بازرگانی و دەروازەی سنووری دەبینرێت، بەڵام وەکو خاوەن کۆمپانیایەک دەڵێت، لەبەر قۆرخکاریی هەندێ کۆمپانیا لە هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەم، رێگەنادرێت کارەکەیان بەرفراوان بێت.
عەبدولعەزیز رەشید نەبی، خاوەن کۆمپانیایە و دەلێت، "دادییەکی ناڕەوایە. بۆ هەندێ کەس زیاتر و بۆ هەندێ کەسیش کەمتر دادەنرێت. بۆ نموونە، بۆ جەژنی قوربان هەوڵماندا هەندێ شت لە ئۆکرایناوە بێنین. هەندێ ئاستەنگیمان بۆ دروستبوو، ناچاربووین دەستبەرداری بین بەهیچ رێگەیەک نەمانتوانی بیهێنین."
رووپێویی پلاندانی عێراق دیاریکردووە، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دهۆک بەدەر لە ئاوارەکان، نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەسە؛ رێژەی زۆری بێکاری لەنێو دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکاندا.
عەبدولکەریم شێخ حماد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کار لە دهۆک دەڵێت، "ئەوانەی بە ئاسانی ناتوانین دەرفەتی کاریان بۆ بدۆزینەوە، دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەن. رێژەی بێکاری لە دهۆک لە هەریەکە لە هەولێر و سلێمانی زیاترە. ئەمە نەک هەر بۆ رۆژێک و دوو رۆژە، ئەمە کەڵەکەبووی چەند ساڵی رابردووە."
پارێزگای دهۆک نزیکەی 50٪ی داهاتی هەرێمی کوردستان پێکدێنێت و زیاتر لە 14 کێڵگەی نەوتی لێیە، ئەوەش وێڕای ئەوەی کە گرنگترین دەروازەی وشکانیی عێراقی لەگەڵ تورکیا و ئەوروپا هەیە. بەڵام ماوەی چەندین ساڵە هەژاری و بێکاری یەخەی خەڵکی پارێزگاکەی بەرنەداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ