شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مادەی 140 و کێشەی زەویی کورد سەردانی بەغدا دەکات

06-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن جووتیارانی کورد مادەی 140
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق و چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، سەردانی بەغدا دەکەن.
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە (5-7-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە، راپۆرتێکی تێروتەسەلمان لەبارەی جێبەجێکردنی مادەی 140 و کێشەی جووتیارانی کورد و تورکمان لە پارێزگای کەرکووک باسکرد".
 
فەهمی بورهان گوتی "ئەو بابەتە ستەمێکی گەورەیە لە عێراقی نوێ کە بەرامبەر بەو دوو پێکهاتەیە لە کەرکووک دەکرێت، ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت و زەویی جووتیاران بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان نەگەڕێنەوە، هیچ مانایەک بۆ مادەی 140 نامێنێتەوە".
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوو دۆسیەیە، لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەغدا بکەین، بۆیە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەندە سەردانی ژمارەیەک وەزارەت و بەرپرس دەکەین و بەلامانەوە گرنگە وەزیری بەرگریی عێراق ببینین، کە بەشێک لە کێشەکان لەلای ئەوانە".
 
بەگوتەی فەهمی بورهان، کێشەی جووتیارانی کورد و تورکمان دوو بەشە، کێشەی یەکەمیان ئەوەیە لەرێگەی 5 هەزار گرێبەستەوە و بە بڕیاری سەرکردایەتی کاروباری باکووری حیزبی بەعس، زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان دراوەتە عەرەب، لەدوای ساڵی 2003ـوە بەپێی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012 لەبەرژەوەندیی خاوەنە رەسەنەکانیان نزیکەی 1400 گرێبەست هەڵوەشێنرانەوە، بەڵام ئەوانی دیکەی ماون، بەشی دووەمی کێشەکە ئەوەیە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش، بەشێکی زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان دراونەتە وەزارەتەکانی عێراق لەوانە بەرگری.
 
دوێنێ، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا گوتی "هەموو هەوڵێک دەدەین کێشەی جووتیارانی کەرکووک چارەسەر بکەین و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور چالاک بکەینەوە. لە کۆبوونەوەمدا لەگەڵ سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جەختم کردەوە لەنزیکترین کاتدا بۆ هەردوو مەبەستەکە سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببێتەوە و ئێمەش پشتیوانی دەبین".
 
ماوەی چەند ساڵێکە سوپای عێراق لە چەند ناوچەیەکی کەرکووک، چەند جارێک چووەتە سەر زەویی جووتیارانی کورد و رێگرییان لێکردوون، هەروەها بە پشتیوانیی سوپا و هێزە چەکدارەکان، ژمارەیەک لە عەرەبە هاوردەکانی ناوچەکە هەڕەشەی داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کوردیان کردووە و بەشێکیان لێ داگیرکردوون.
 
ماوەی مانگێک دەبێت جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک دژی تاپۆکردنی بەشێک لە زەوییەکانیان و خستنەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، مانگرتنیان راگەیاندووە و دەڵێن: ئامادەنین زەوییەکانیان بدەنە وەزارەتی بەرگری.
 
زەوییە کێشەلەسەرەکانی گوندی تۆپزاوای کەرکووک، موڵکی کوردن و لە ساڵی 1975 بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوون و خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئێستا فیرقەی 8ـی سوپا دەیەوێت بیکاتە یەکەی نیشتەجێبوون و سەربازگە.

 

بینەری ئەم بەرنامەیەی لەگەڵ رەنج بە لەسەر ئەم پرسە، کە جووتیارەکان خۆیان قسە دەکەن و بەڵگەکانیان دەخەنەڕوو:

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە