یەکێتیی مامۆستایان: پڕۆژە یاسایەک بۆ پارێزبەندیی مامۆستایان پێشکێشی پەرلەمان دەکەین

06-07-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو - هەولێر

بۆ رێگەگرتن لە هەڕەشەکردن و دەستدرێژیکردنە سەر مامۆستایان، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەددین دەیانەوێت پڕۆژەیاسایەک بۆ پارێزبەندیی مامۆستایان ئامادە بکەن، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت: "کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەددین لە لایەن خوێندکارێکەوە، بوونی یاسایەکی بۆ پارێزبەندیی مامۆستایان پێویسترکردووە."
 
رۆژی چوارشەممە، 6-7-2022، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر کۆبووینەوە و ژمارەیەک پرسمان تاوتوێکرد، لەوانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆلێژی یاسای ئەو زانکۆیە، پڕۆژە یاسایەک ئامادە دەکەین تایبەت بە پارێزبەندیی مامۆستایان."
 
بەگوتەی ئەحمەد گەرمیانی، پڕۆژەکە بۆ سزادان و رێگەگرتنە لە هەر هەوڵێکی ئەو کەسانەی کە بیانەوێت دەستدرێژی بکەنە سەر مامۆستایان کە ئەم رووداوانە ساڵانە دووبارە دەبنەوە، دەشڵێت: "راستە نەبووەتە دیاردە، بەڵام کوشتنی هەردوو مامۆستا بەڕێزەکەی زانکۆی سەلاحەددین لە رۆژانی رابردوو، رووداوێک بوو هەموو ئەو دەسترێژییانەی پێشتری تێپەڕاند و کارەساتێکی گەورە بوو."
 
سەبارەت بە پڕۆژە یاساکەش، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "تێیدا جگە لە سزای قورس و پێبژاردن لە هەر حاڵەتێکی دەستدرێژی بۆ سەر مامۆستایان، دەمانەوێت کێشەکان نەبنە کێشەی کەسی لەو دۆخانەدا، چونکە زۆر جار کاتێک مامۆستایەک لەگەڵ خوێندکارێکدا رووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە، پەروەردە یان زانکۆ بە مامۆستاکە دەڵێت، مامۆستا سکاڵا تۆماربکە، بەو شێوەیە کێشەکە دەبێتە کێشەیەکی کەسی و دواتر بە سوڵحی عەشایەری چارەسەردەکرێت، بۆیە لەو پڕۆژە یاسایەدا کێشەی کەسی نامێنێت و دەزگاکە سکاڵا دەکات و هەقی گشتیش کەیسەکە دەگرێتەوە."
 
رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایان چەند ساڵێک لەمەوبەر رەشنووسی یاسایەکیان تایبەت بە پارێزبەندیی مامۆستایان پێشکێشی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام پڕۆژەکە رەتکرایەوە، سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت: "بەداخەوە لە خوولی رابردووی پەرلەمان رەشنووسێکی باشمان پێشکێشکرد و لە پەرلەمان تاوتوێکرا، بەڵام دواتر رەتکرایەوە، بۆیە دەمانەوێت ئێستا جارێکی دیکە پڕۆژەیەکی تێروتەسەلتر پێشکێش بکەینەوە و ئەمجارە پێویستە پەرلەمان پەسندی بکات."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سەندیکای مامۆستایانی عێراق هاوشێوەی یەکێتیی مامۆستایان پڕۆژە یاسایەکیان بۆ پارێزبەندیی مامۆستایان پێشکێشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و پەسندکرا، بەڵام پڕۆژەکەی ئەمان رەتکرایەوە.
 
ئەو قسانەی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ چوارشەممە، 6-7-2022 ، شاندێکی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان کە پێکهاتبوون لە سەرۆک و جێگر و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەب لە سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکان و ژمارەیەک راگر و چەند مامۆستایەک کۆبوونەوە و بە وردی هەڵوەستە لەسەر هۆکارەکانی رووداوەکەی 28ـی مانگی رابردووی زانکۆی سەلاحەدین کرا کە تێیدا دوو مامۆستا لە لایەن خوێندکارێکەوە کوژران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە