رووداو دیجیتاڵ
لە جەژنی قورباندا، هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و باشماخ رۆژێک بە رووی بازرگانیدا دادەخرێن؛ گوتەبێژی دەروازەی پەروێزخانیش دەڵێت، جارێ نازانن رۆژی جەژن دەروازەکە بە رووی بازرگانیدا دادەخەن یان نا.
رۆژی چوارشەممە 6ـی تەمموزی 2022، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکەم رۆژی جەژن دەروازەکە بە رووی بازرگانیدا دادەخەن و هاتووچۆی گەشتیاریش بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران گوتی، ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن، دەبێت کارتی پلاستیکی ڤاکسینیان هەبێت.
لەبارەی رێکارەکان بۆ کەسێک کە کارتی ڤاکسینی نەبێت، سیروان حوسێن دەڵێت، دەبێت لە دەروازەکە پشکنینی کۆرۆنا بکەن.. "کاتێک دەچنە ئێران پشکنینی دەوێت و کە دەشگەڕێنەوە ئێمە پشکنینمان دەوێت."
هەروەها مەریوان کەریم، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەنیا یەکەم رۆژی جەژن دەروازەکە بە رووی بازرگانیدا دادەخرێت، بەڵام بە رووی گەشتیاراندا بە کراوەیی دەمێنێتەوە."
لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی باشماخ ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک کارتی پلاستیکی وەرگرتنی ڤاکسینی نەبێت، دەبێت پشکنینی کۆرۆنای پێبێت و لەکاتی نەبوونی پشکنیندا لە دەروازەکە پشکنینی بۆ دەکرێت. گوتیشی، "ئەگەر 48 کاژێری بەسەردا تێنەپەڕێت گەشتیار بچێتە ئێران و بگەڕێتەوە دووبارە پشکنینی بۆ ناکەینەوە، بەڵام زیاتر لە 48 کاژێری پێبچێت دەبێت دیسان پشکنینی کۆرۆنا بکاتەوە."
رۆژی 29ـی حوزەیران، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی 8ـی تەممووز وەستانە لەکێوی عەرەفە و رۆژی 9ـی تەممووز یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
رۆژی چوارشەممە 6ـی، تەممووز شەرمین عەلی، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا بڕیاری داخستنی دەروازەکە نەدراوە و دواتر ئەگەر بڕیاردرا بڵاوی دەکەینەوە، بەڵام بۆ گەشتیاری بەهیچ شێوەیەک داناخرێت و 24 کاژێر کراوەیە؛ هاتووچۆکردنیش وەکو دەروازەکانی دیکە کارتی ڤاکسینی دەوێت و لە نەبوونی کارتەکەدا دەبێت گەشتیار پشکنینی کۆرۆنا بکات کە کۆمپانیایەک دەیکات بە 25 هەزار دینار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ