سەرپەرشتیکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە وەزیرێک سپێردرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کۆبوونەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: "بڕیاردردا سەرپەرشتیکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە حکومەت، بدرێتە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان".
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی روداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە، هەر سێ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەسەر داوای ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کۆبووینەوە و باسی گرفتی کەمئاوی و گرینگترین پێشهاتەکانمان کرد لە پارێزگاکانی کوردستان
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد، لەو کۆبوونەیەدا ڤالا فەرید، کە وەزیری هەرێمە، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پێسپێردرا و ئێستا پۆستەکەی بووەتە "وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان".
عەلی رەشید گوتیشی: "دەربارەی کەمئاوی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ کراوە و سەرەڕای وشکەساڵی، بەشێکی گرفتەکە بۆ لەکارکەوتن یان وشکبوونی بیرەکان و هەروەها زیادەڕۆییکردن لە بەهەدەردانی ئاو لەلایەن بەشێک لە هاونیشتمانییان گەڕێندرایەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بە نووسراوی فەرمی حکومەتی لە کێشەی کەمئاوی ئاگادارکردبووەوە و پێشبینیش دەکات کە دوو مانگی داهاتوو کێشەی کەمئاوی گەورەتریش بێت.