رووداو تیرۆرکردنی هیشام هاشمی سەرکۆنە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەمنیی و گۆشەنووسی رووداو دەکات و دەڵێت، د.هیشام هاشمی؛ هاوکارێکی بەردەوامی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. لە مانگی رابردووش دا بەشێوەیەکی نووسراو گرێبەستی بوون بە گۆشەنووسێکی هەفتانەیی لەگەڵ رووداو واژۆکرد و چەند وتارێکی تایبەتی لە رووداو بڵاوکرانەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 06-07-2020، هیشام هاشمی لە بەردەم ماڵەکەیدا لە ناوچەی زەیونە لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لێکراو، تیرۆرکرا.
تۆڕی میدیایی رووداو داوا لە حکومەتی عێراق دەکات تاوانباران بدۆزێتەوە و دەشڵێت: ئێمە لە کاتێکدا هاوبەشی خۆمان لەگەڵ خەمی بنەماڵەکەی و، لێکۆلینڤان و رۆژنامەڤانان و رۆشنبیرانی عێراق دەردەبڕین، لە هەمانکاتدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین تاوانباران بدۆزێتەوە و بیانداتە دادگا."
دەقی بەیاننامەکەی تۆڕی میدیایی رووداو
تیرۆرکردنی هاوکارمان هیشام هاشمی سەرکۆنە دەکەین
بەداخەوە شەوی ٦ی تەممووزی ۲٠۲٠ لێکۆلینڤانی سیاسی و ئەمنیی نێوداری عێراق د.هیشام هاشمی لە شاری بەغدا تیرۆرکرا .
د.هیشام هاشمی؛ هاوکارێکی بەردەوامی تۆڕی میدیایی رووداو بوو . لە مانگی رابردووش دا بەشێوەیەکی نووسراو گرێبەستی بوون بە گۆشەنووسێکی هەفتانەیی لەگەڵ رووداو واژۆکرد و چەند وتارێکی تایبەتی لە رووداو بڵاوکرانەوە.
رووداو بەلایەوە گرنگبوو شرۆڤە و لێکدانەوەکانی د.هیشام هاشمی لەسەر دۆخی ئاسایش و سیاسی عێراق وێڕای عەرەبی، بە زمانی کوردی و ئینگلیزیش بۆ خوێنەرانی بڵاوبکاتەوە.
ئێمە لە کاتێکدا هاوبەشی خۆمان لەگەڵ خەمی بنەماڵەکەی و، لێکۆلینڤان و رۆژنامەڤانان و رۆشنبیرانی عێراق دەردەبڕین، لە هەمانکاتدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین تاوانباران بدۆزێتەوە و بیانداتە دادگا.
تۆڕی میدیایی رووداو
٦/۷/۲٠۲٠