سوپای تورکیا خاڵێکی سەربازیی هەسەدە بۆردوومان دەکات

06-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای تورکیا خاڵێکی سەربازیی هەسەدە لە گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی زرگان لە رۆژئاوای کوردستان تۆپباران دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە سەرچاوە خۆجێیەکانی ناوچەکە دەستی کەوتوون، شەوی چوارشەممە 05-06-2024، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا بۆ یەکەمجار پێگەی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەیان لە گوندی ئیبراهیمییە کردە ئامانج، کە دەکەوێتە گوندەواری شارۆچکەی زرگانی سەر بە هەرێمی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان.
 
فارس عوسمان، چالاکوانی سڤیلی خەڵکی هەرێمی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، خاڵێکی هێزەکانی هەسەدە لە گوندی ئیبراهیمییەی سەر بە شارۆچکەی زرگان کە دەکەوێتە سەر رێگەی نێوان گوندی عەرادە- ئیبراهیمییە، لە لایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراوە.
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، تۆپبارانەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
 
لەبارەی تۆپبارانکردنی ئەو خاڵە سەربازییەیان، هەسەدە تائێستا هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە. 
 
لە 5ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تائێستا سوپای تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زیادکردووە، ئێستا بە بیانووی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەڕەشەی زیاترکردنی هێرشەکان دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە