گومرگی سنە: لە دوو مانگدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان گەیشتووەتە 980 ملیۆن دۆلار

06-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە رایگەیاند، قەبارەی بازرگانیی دەرەوەی ئەو پارێزگایە بەراورد بە ساڵی رابردوو 33% زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 980 ملیۆن دۆلار.
 
رۆژی پێنجشەممە ،6ی حوزەیرانی 2024، فەرامەرز ئۆمیدی، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆری پارێزگاکە کە هەناردە و هاوردە و ترانزێتی کەلوپەل لەخۆدەگرێت، 929 هەزار و 842 تۆن بووە بە بەهای 980 ملیۆن و 850 هەزار دۆلار.
 
فەرامەرز ئومێدی گوتی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 325 هەزار و 208 تۆن کەلوپەل بە بەهای 135 ملیۆن دۆلار لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە هەناردە کراون، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار، 2% زیادیکردووە.
 
سەبارەت بە جۆری ئەو کەلوپەلانەی هەناردە کراون، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە دەڵێت، زۆربەیان بریتین لە بەرهەمە كشتوکاڵییەکان، بەرهەمەکانی ئاسن، بەرهەمی پلاستیک، کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، شووشە و تراکتۆر.
 
بە گوتەی فەرامەرز ئۆمیدی، ئەو کەلوپەلانە هەناردەی عێراق، سووریا، ئەفغانستان، ئیمارات، رووسیا، تورکیا، ئازەربایجان، پاکستان، جۆرجیا و کوێت کراون.
 
دەشڵێت، لەو دوو مانگەدا 42 هەزار و 537 تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 113 ملیۆن دۆلار لە عێراق، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، ئیمارات، تورکیا و چین هاوردە کراوە، کە لەڕووی کێشەوە 194% و لەڕووی نرخیشەوە 46% زیادیکردووە.
 
رۆژی هەینی 3ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە رایگەیاندبوو، ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە