بازرگانێکی کورد: ئەوەی بەسەر ژینگەی شەمزینان هاتووە سەردەکێشێت بۆ کێشەیەکی نێودەوڵەتی

رووداو دیجیتاڵ 

سەبری ئۆزەل، سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەرانی گرووپێکی کۆمپانیاکانی بواری بیناسازی و گەشتیارییە و دوای ئەوەی نیسانی ئەم ساڵ بە شارۆچکەی شەمزیناندا تێپەڕیوە، راپۆرتێکی ژینگەیی نووسیوە و پێشکێشی پارێزگاری جۆلەمێرگی کردووە.
 
ئەو بازرگانە ژمارەیەک وێنەی ئەو رێگەیەی گرتووە کە پێشانی دەدات ژینگەی ئەو ناوچەیە لە مەترسیدایە. بەتایبەتی زبڵ و خاشاک هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر ناوچەکە دروستکردووە.
 
راپۆرتەکە لە 29 لاپەڕە پێکهاتووە و لە ئەنجامی کاری هاوبەشی ژووری پیشەوەرانی شەمزینان و یانەی وەرزشی SB ئامادەکراوە و بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان نێردراوە و، داواکارییەکان ئاراستەی هەریەک لە وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتیاریی تورکیا، گرین پەیس، کۆمەڵەی پاراستنی ئاژەڵانی تورکیا، بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە و شارسازیی هەکاری و قایمقامیەتی شەمزینان کراوە.
 
ئەو راپۆرتە بە هاوکاریی موحەڕەم تەکین، سەرۆکی ژووری کاسبکاران و پیشەوەرانی شەمزینان ئامادەکراوە.
 
لە بەشێکی ئەو راپۆرتەیدا کە ئایاری ئەم ساڵ بۆ پارێزگاری جۆلەمێرگی ناردووە، سەبری ئۆزەل دەڵێت: "من بازرگانێکی لەدایکبووی شارۆچکەی شەمزینانم. رۆژی 19ـی نیسانی 2024 لە رێگەی دەروازەی سنووری دەرەجیک گەڕامەوە. ئەو دیمەنانەی لەسەر رێگەکاندا لە تورکیای سەدەی بیست و یەک بینیم، جێی شەرمەزاری بوون. یەکەم شت کە کەوتە بەرچاوم، دیمەنی چەندین مەتر زبڵ و خاشاکی کەڵەکەکراو بوو لە نزیک کەنار رێگەکان. خۆڵەمێشی خەڵووز و پاشماوەی فڕێدراوی پلاستیک نێو چەمی رووباری پەسان کە سەتان ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی لەنێو خاکدا شی ببێتەوە، لەگەڵ فڕێدانی پاشماوەی ژەهراوی بۆ سرووشت. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سەنتەری شار، بۆنی قورسی پاشماوەی ئاوەڕۆکان بەبێ چارەسەرکردن دەڕژێتە نێو چەمەکە. کاتێک ئەم دیمەنە قێزەونە دەبینیت و بۆنە قێزەونەکەت بۆ دێت، دەستبەجێ ئەم پرسیارە بە مێشکتدا دێت: 'ئایا ئەمە ئەو شوێنەیە کە تێیدا لەدایک بووم و گەورە بووم؟'."
 
ئەو بازرگانە هۆشداری لە پیسوونی ئاوی رووباری ناوچەکە دەدات و دەڵێت: "رژانی ئەو ئاوە بەو هەموو خاشاکەوە لە شەمزینانەوە تاوەکو دەگاتە بەسرە، بۆ ئێمە رەزالەتێکی گەورەیە و ئەمە مەترسییەکی وەهایە کە سەر دەکێشێت بۆ کێشەیەکی نێودەوڵەتی."
 
ئەو کارسازە کە بە گوتەی خۆی لە کەرتەکانی گەشتیاری و پیشەسازیدا لە کارەکانیدا هەرگیز چاوپۆشی لەم بابەتە ناکات، راپۆرتی "یانەی وەرزشیی SB" و "ژوورەکانی کاسبکاران و پیشەوەران" بە دیمەنەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ناردووە و داوا دەکات کاری پێویستی لەسەر بکرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، جگە لە مرۆڤ هەموو زیندەوەرانی دیکە بەبێ تێکدانی هاوسەنگیی ژینگەسازی دەژین. بەڵام مرۆڤ بە پێچەوانەی بوونەوەرەکانی دیکە، سرووشت دەخاتە ژێر رکێفی خۆی و قۆرخی دەکات، بەمەش زیانێکی قەرەبوو نەکراوە بە خۆی و زیندەوەران دەگەیێنێت.
 
شەمزینان، شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگە، هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و ژمارەی دانیشتووانی 47 هەزار کەسە. هەروەک لە راپۆرتەکەی سەبری ئۆزەلیشدا ئاماژەی پێدراوە، گۆڕی حەزرەتی سەید تەها، دەکەوێتە گوندی نەهری لەسەر شەقامی دەرەجیک و ساڵانە هەزاران سەردانیکار رووی تێدەکەن. ئۆزەل نووسیویەتی: "شارۆچکەیەک بەو سرووشت، رووبار، کوێستان، دارستان و شوێنە مێژووییانەیەوە کە هەیەتی، توانای گەشتیاریی بەرزی هەیە. بەداخەوە ئێمە بە دەستی خۆمان ئەم سرووشتە جوانە دەگۆڕین بۆ شوێنێک کە ژیانی لێناکرێت."
 
سەبری ئۆزەل لەکاتی تێپەڕینی بە رێگەی رووبارۆک (دەرەجیک) وێنەی ئەو شوێنانەی گرتووە کە مەترسییان لەسەر ژینگەی ناوچەکە دروستکردووە و سەرچاوەن بۆ بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی. هۆکار و چارەسەرەکانی ئەو بابەتە ژینگەییە لە 3 خاڵدا چڕکراونەتەوە کە لە خوارەوەدا هاوشێوەی ئەوەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئاماژەی پێدراوە:
 
1- کۆکردنەوەی خاشاک و دووبارە رشتنی لە ژینگە
 
ئەو زبڵ و خاشاکەی شارەوانی لە گەڕەکەکانی شەمزینان کۆیان دەکاتەوە، هەروەها ئەو زبڵ و خاشاکەی ئیدارەی تایبەتی پارێزگاکە لە گوندەکان کۆیان دەکاتەوە و زبڵی کۆکراوەی یەکە سەربازییەکان، ساڵانێکە لە کەنار چەمی پەسان کە لە باشووری شەمزینانەوە دەڕژێتە نزیک دێرەجیک، فڕێ دەدرێت. نزیکەی هەموو ئەو زبڵ و خاشاکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاوی رووبارەکە دەچێتە چەمەکەوە. ئەم دۆخە نەک هەر دەبێتە هۆی وێرانکارییەکی گەورەی سرووشت، بەڵکو بەهۆی ئەو زبڵ و خاشاکەی لەسەر دارەکانی لێواری چەمەکە گیر بوون، سیمایەکی ناشرین و بۆنێکی پیس لە رێگەی دەرەجیک دروستبووە. ئەو زبڵ و خاشاکەی لەوێ فڕێدەدرێن، ژیانی زیندەوەرەکان ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. ئەم کێشەی زبڵ و خاشاکە کە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و تائێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، تەنیا بە شەمزینان و گوندەکانیەوە سنووردار نییە. بەڵکو بە رژانی ئەو ئاوە بۆ خوارەوە تاوەکو دەگاتە بەسرە، قەبارەی کێشەکە زۆر گەورەتر دەبێت و رەهەندێکی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە.
 
 
 
 
 
 
2- ئاوی زێرابەکان بەر لە فڵتەرکردن دەڕژێتە نێو رووبار
 
ئاوی چەمی پەسان کە پێشووتر وەک شوێنی مەلەکردن و ئاوی خواردنەوەش بەکاردەهات، ژەهراوی بووە. چونکە ئاوی پیسی ئاوەڕۆی ناوەندی شەمدینلی (ئەو دامەزراوە و رێکخراوانەی بڕی پاشەڕۆیان زۆرە) لەگەڵ گوندەکان، بەبێ ئەوەی چارەسەر بکرێت، دەڕژێتە نێو چەمەکە. ئەمە مەترسی لەسەر ژیانی ئەو ئاژەڵانەش دروست دەکات کە لە چەمەکەدا دەژین. تەنانەت هەڕەشە لە وەچەی بەشێکیان دەکات. هەروەها بۆ ئەو رووەکانەش مەترسییە کە لە ناوچەکەدا روواون. ئاوی ئەم چەمە کە لە سەرچاوەکەیەوە بە سازگاری دەڕژێت، ئێستا لە هەموو وەرزەکاندا رەنگەکەی نائاساییە و روونییەکەی لەدەستداوە. جگە لە هەموو ئەمانە، لە وەرزی هاویندا لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا.
 
پیسبوونی چەمەکە؛ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی ئاژەڵیی ناوچەکە و تەندروستیی ئاژەڵەکانی ناوچەکە دەخاتە مەترسی.
 
 
3- ئەو پیسبوونی هەوایە خەڵووزی بێ کوالیتی دروست دەکات و خەڵووزەکە دەڕژێتە نێو چەمەکە.
 
ئەو دووکەڵەی لە ئەنجامی سووتانی خەڵووزی بێ کوالێتی و کەم کالۆری لە زستاندا لە دووکەڵکێشەکان دەردەچێت، پیسبوونی زۆر مەترسیداری هەوا لە ناوەندی شەمزینان دروست دەکات. ئەم دۆخە "کاریگەری نەرێنی" لەسەر تەندروستی خەڵکی شارەکە (بەتایبەت کەسانی بەساڵاچوو) دەبێت. ئەم پیسبوونی هەوایە ژمارەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی لە شارۆچکەکە زیادکردووە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا. جگە لەوەش خۆڵەمێشی خەڵووزی سووتاو پڕ دەکرێتەوە لە کیسی خەڵووزی نایلۆن و دەڕژێتە ناو چەمی پەسان. ئەمەش نەک هەر ئاوی چۆمەکە پیس و ژەهراوی دەکات، بەڵکو زیان بە سرووشت دەگەیێنێت، چونکە ئەو کیسە نایلۆنانەی خەڵووز بە سەتان ساڵیش تێکەڵ بە خاک نابن و شی نابنەوە. لە هەمان کاتدا لە ئەنجامی تەسکبوونەوە و گۆڕینی ئاراستەکەی، داڕووخانێک لە بنکەی چەمەکە روودەدات. لەگەڵ بارانی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، زیان بە پردەکانی پەڕینەوە دەگات و کێشە بۆ هاتوچوۆی خەڵکیش دروست دەبێت.
 
لەبارەی چارەسەری بابەتەکە و رزگارکردنی جۆلەمێرگ و بەتایبەتیش رووبارۆک (دەرەجیک) لەو پیسبوونی ژینگەیە کە هەڕەشەی گەورەیە لەسەر خەڵکەکەی، ئاژەڵانی و رووەکەکانی، سەبری ئۆزەل دەڵێت: "ئێمە وەک دامودەزگا و رێکخراوە ناحکومییەکان، داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین، دەستبەجێ بەدوای چارەسەردا بگەڕێن بۆ ئەم وێرانکارییە گەورەیەی کە دەبێتە هۆی ئەو کۆمەڵکوژییە ژینگەییەی لە سەرەوە باسمان کرد. هەروەها رێگری لەوە بکەن کە خەریکە ئەم دۆخە کارەساتی نێودەوڵەتی بەدوادا دێت".
 
لە راپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە: "ئەرکێکی مرۆییە هەموو لایەک هەوڵ و دەستپێشخەریی پێویست بکەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە چەم رووبارەکانمان ژەهراوی نەبن و ئاوەکانیان دووبارە سازگار و پاک بکرێنەوە. هەروەها خاک، درەخت، ئاژەڵە کێوی و ماڵی و ئاوییەکانمان بگەڕێنینەوە بۆ تەندروستی و جوانیی پێشوویان. هەروەها لەسەر ئەم پرسە هەستیار و تەندروستییە، دەمانەوێت رایبگەیێنین کە ئێمە چ وەک رێکخراوێک و چ وەک هاووڵاتییەک، ئامادەین هەموو پشتیوانی و هاوکارییەک پێشکێش بکەین کە لە تواناماندا بێت".
 
وەکو پشتڕاستکردنەوە بۆ تێبینی و دیمەنی کارەساتباری پیسبوونی هەوا و ژینگەی دەرەجیک، ژمارەیەکی زۆر وێنە هاوپێچ کراون. لەسەر وێنەکان وردەکاریی ژینگەیی و رۆژ تۆمارکردن نووسراوە. 

 

 
 
 
شارۆچکەی دەرەجیک (رووبارۆک) دەکەوێتە نێوان باکوور و باشووری کوردستان و دەروازەیەکی سنووریشی لێیە. 
 
دەروازەی زێت، کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا رۆژی 10-5-2023 لە رێوڕەسمێکدا کرایەوە. دیوی لای باکووری کوردستان و تورکیا بە رووبارۆک (دەرەجیک) دەناسرێت. ئەوکاتە ئەکرەم چەتین کایا، سەرۆکی شارەوانیی رووبارۆک بە شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لە نێوان بەرپرسانی هەردوولا (تورکیا و هەرێمی کوردستان) هاتووچۆی هاووڵاتییان لەو دەروازەوە دەستپێدەکات.