دەزگای روانگە هاوکاریی دارایی ئەو هاونیشتمانییانە دەکات کە لە ئەورووپا دەگەڕێنەوە و پرۆژەی کاریان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کورد دوای 11 ساڵ ژیان لە وڵاتی دانیمارک و وەرگرتنی وەڵاتینامەی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە کوردستان و دەست بە کارکردن دەکات. بە گوتەی خۆی، وەڵاتینامەکەی رادەستکردووەتەوە تاوەکو رێگەی بۆ گەڕانەوە نەبێت.
فاخر محەممەد ناوی ئەو گەنجەیە هۆکاری گەڕانەوەی یەکجاریی بۆ کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "کار هەر کارە ویستم ماندووبوونەکەم لە شار و نێو کەسوکاری خۆمدا بێت."
فاخر محەممەد بە رووداوی گوت: "11 ساڵ لە وڵاتی دانيمارک بووم. وەڵام و هەموو شتێکيشم هەبوو، لە کاتی گەڕانەوەش هەموو شتەکانم رادەستکردەوە، ئەو کەسەی کە چاوپێکەوتنی گەڕانەوەکەشی کردم، گووتی: 'بۆ بەڵگەنامەکان رادەست دەکەیت؟ پێمگوت: با ئەو دەرگەيەش دابخەم. پێم وایە ئیش کردن قوربانیدانی دەوێت."
گەنجێکی دیکە هاوشێوەی فاخر محەممەد لەگەڵ 22 هاونیشتمانیی دیکە کە بەشێکیان دیپۆرتکراون، بەشداریی خولێکی راهێنانی پیشەییان کردووە.
یەکێک لەو گەنجانە باس لەوە دەکات: کە "نزيکەی 9 وڵات گەڕاوم. فەرەنسا، بەلجيکا، سويسرا و نەمسا. نزيکەی پێنج ساڵ تەمەنم رۆیشت، جارێکی دیکە هەرگیز بير لەوە ناکەمەوە کە بچمەوە ئەورووپا، چونکە لەو تەمەنە گەنجيەدا ئەو هەموو سەختييە دەبينيت [وەکو] ئاو و يەخت، گوزەرانيشت نييە."
دەزگای روانگە بە پاڵپشتیی دارایی وەزارەتی دەرەوەی دانيمارک و لەچوارچێوەی خولی پاڵپشتیی گەنجانی گەڕاوە، ئەمجارە لە سنووری هەڵەبجە لە سێ قۆناخی یەک مانگی راهێنانیان پێدەکات.
خوبەيب نادر، سەرپەرشتياری مەيدانی دەزگای روانگە لە پارێزگای هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "ئامانجی پرۆژەکە هاندانی گەنجانە بۆ ئەوانەی لەدەرەوەن و دەيانەوێت بگەڕێنەوە، کە منداڵ و خێزانيان هەيە تووشی ناڕەحەتی دەبن لە جێبەجێکردنی کارە ئيدارييەکاندا، ئێمە ئاسانکاريیان بۆ دەکەين، ئەوانەی گەڕاونەتەوە لێرە وايان لێدەکرێت بتوانن کار بۆ خۆيان بدۆزنەوە و ئێمە پشتگيریی مادی هەندێکيان دەکەين."
بەپێی داتاکانی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، 186 هەزار و 422 کەس داوای مافی پەنابەریێتیان کردووە، بەڵام ساڵ بە ساڵ ژمارەکە دابەزیوە بەشێوەیەک لە 2023 بۆ 19 هەزار و 500 کەس کەم بووەتەوە.