رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند "سیناریۆی" کردەوەیەکی رفاندنیان ئاشکرا کرد، کە بۆ ئەوە دانرابوو کەسێک بەهۆیەوە مافی پەنابەریی سیاسیی لە وڵاتێکی ئەورووپا پێبدرێت.
ئاسایش لەگەڵ راگەیێندراوەکەیدا ڤیدیۆیەکی 1.11 خولەکیشی بڵاوکردووەتەوە، کە بەشێکی لە کامێرای چاودێرییەوە وەرگیراوە، ساتی "جێبەجێکردنی سیناریۆکە"ـیە لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە لە کاژێر 02:32ـی بەرەبەیانی 25-5-2024.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا پێنج کەس دەردەکەون، سێیان بەزۆر کەسێک رادەکێشنە دەرەوەی ماڵەکە، دواتر منداڵێک بە پەشۆکاوی تەلەفۆن دەکات. ئاسایش دەڵێ ئەمە سیناریۆ بووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، ئەوان ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوێکی رفاندن لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر "دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانمانەوە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە کرا و لە ماوەیەکی کەمدا توانیمان ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا بکەین."
تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان پێکدێن لە "(ئـ. ئـ. ئـ.)، (هـ. ئـ. ئـ.)، (ب. م. ئـ.)، (ب. ز. م.) و (م. س. ح.) بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکراون."
دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان، ئاسایش بۆی دەرکەوتووە "ئەنجامدانی ئەم کردەوە گێرەشێوێنییە؛ بەشێوەی سیناریۆ رێکخراوە لەنێوان ئەندامانی بنەماڵەیەک، کە لە برا، خاڵ، خوارزا و ئامۆزا پێکهاتوون."
ئامانجی تۆمەتبارەکان "لەم سیناریۆیە" وەک لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەوە بووە "یەکێک لە برای تۆمەتبارەکان بە ناوی (م. ئـ. ئـ.) کە ئێستا لە وڵاتێکی ئەورووپایە، ئەو سیناریۆی رفاندنە وەکو کەیسێکی سیاسی لەو وڵاتە پێشکێش بکات و مافی پەنابەریی پێ وەربگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ