هێزێکی ئەمنی 4 پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە کەرکووک دەڕووخێنن

رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی ئەمنی چوونە سەر پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە کەرکووک و چواریان رووخاندن. خاوەن پێشانگەکان دەڵێن، هێزەکە مۆڵەتی 24 کاژێریان بۆ داناون. شارەوانیی شارەکەش دەڵێ "هیچ هێزێک ناتوانێ پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل بڕووخێنێ."
 
نۆ پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە گەڕەکی سەوزی کەرکووک هەن و سەرجەمیان زێدەڕۆن و زەوییەکانیان موڵکی گشتین.
 
محەممەد عەلی، خاوەن یەکێک لەو پێشانگەیانەی رووخێنراوە، لە بەرنامەی بەرپرسیار، کە کەڤین حوسێن پێشکێشی دەکات، گوتی "هێزەکە ئاگاداری پێشوەختەی پێنەداوین بەڵام داوایانکرد هەموو پێشانگەکان چۆڵبکرێن."
 
 
شارەوانیی کەرکووک داوای لە خاوەنی پێشانگەکان کردووە تەنیا 10 مەتر لە زەویی بکشێنەوە، چونکە ئەو 10 مەتر زەوییە "موڵکی" هەواڵگریی عێراقە.
 
سەڵاح عەلی، لێپرسراوی لیژنەی زێدەڕۆ لە شارەوانیی کەرکووک، لە بەرنامەکەی بەرپرسیار گوتی "10 مەتر زەویی پێشانگەکان دابەشکراوە و دەبێت پێشانگەکان بکشێنەوە. دەتوانن کاری خۆیان بکەن؛ هەر هێزێکیش بیەوێ پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل تێبکدات، رووبەڕووی دەبینەوە."
 
 
نزیکەی 30 ساڵە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە گەڕەکی سەوز (خەزرا) لەسەر زەویی زێدەڕۆ دروستکراون و کاردەکەن، بەپێی یاسا هەر تێکدانێکی زێدەڕۆ "قەرەبوو نایانگرێتەوە".
 
شارەوانیی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، شارێکی پیشەیی دروستکراوە و داوا لە سەرجەم پیشەوەرانی پیشەسازیی و پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل کراوە بچنە ئەوێ، بەڵام "ناچن". 
 
لەبەرامبەردا خاوەن پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل هۆکاری نەچوونیان بۆ شارەکە، بۆ "زۆریی نرخ" گەڕاندەوە.