بۆ تەرخانکردنی کورسی لە پەرلەمانی کوردستان ئێزدییەکان تانە لە بڕیارێکی کۆمیسیۆن دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی دیاری کوردی ئێزدی تانەی لە بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دا و داوا دەکات کورسییەک بۆ ئێزدییەکان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەبێت.
میرزا دنایی، چالاکڤانی دیاری کوردی ئێزدی کە پێشتر سەرۆکی لیستێک بووە بۆ هەڵبژاردن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوێنێ، تانەیەکم لە بڕیاری ژمارە دووی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دا، کە لە 3ـی ئەم مانگە دەریکردووە و تایبەتە بە دابەشکردنی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان و هیچ کورسییەک بۆ ئێزدییەکان تەرخاننەکراوە."
روونی کردەوە "ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی سەرەکیی هەرێمی کوردستانن و بێبەشکردنیان لە کورسی، پێچەوانەی دەستوور و نەریتە باوەکانی هەڵبژاردنە."
ئەو چالاکڤانە بە ئاماژەدان بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە 20ـی مانگی ئایاری ئەم ساڵ، دەڵێت: بڕیارەکە باسی لە تەرخانکردنی پێنج کورسی کردووە بۆ پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە روونی باسی ئەوەی نەکردووە ئەو پێکهاتانە کامانەن، کۆمیسیۆن خۆی پێکهاتەکانی دیاریکردووە.
هەروەها دەڵێت "کۆمیسیۆن لە بڕیارەکەی سێی حوزەیراندا کورسییەکانی بۆ کریستیانەکان وەکو ئایین تەرخانکردووە، بۆ تورکمانەکانیش وەکو نەتەوە، بۆیە ئێمەش ئایینێکی جیاوازین و مافی خۆمانە کورسیمان هەبێت."
میرزا دنایی، لە تانەکەیدا لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن ژمارەی ئێزدییەکانی لە هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 65 هەزار کەس خەمڵاندووە کە بە گوتەی ئەو، زۆرینەیان لە دهۆکن و لە ناحیەکانی باعەدرێ، خانکێ و کۆمەڵگەی شاریا و ژمارەیەک گوند و قەزا و ناحیەی دهۆکدا هەن.
جگە لە داواکردنی کورسییەک بۆ ئێزدییەکان، چی لەو پێنج کورسییە بێت کە بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراون یان لە دەرەوەیدا بێت، ئەو چالاکڤانە داوا دەکات دەنگدان بە بەربژێرەکانیان یەک بازنە بێت. سەرباری ئەوانەش داوایکردووە کۆمیسیۆن دەرگای خۆبەربژێرکردن لەبەردەم لیست و قەوارە تاکەکەسییەکانی ئێزدییەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بکاتەوە.
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت بەوەش ژمارەى کورسى گشتى لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان کەمبوونەوە.
ژمارەى کورسیی گشتى جگە لە کۆتا لە پارێزگاى سلێمانى لە 38 کورسیەوە دەبێت بە 36، لە هەولێر 34 کورسییەوە دەبێت بە 32، دهۆک لە 25 کورسییەوە دەبێت بە 24 کورسی.
بڕیاربوو 10ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، کۆمیسیۆن پێشنیازی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردبوو 5ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هێشتا وادەیەکی نوێ دیارینەکراوە.