وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بۆ رووداو: ساڵی داهاتوو نووسینگەکەمان لە هەولێر دادەخەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بە رووداوی راگەیاند، ئاداری داهاتوو کەنەدا نووسینگەکەی لە هەولێر دادەخات و کاروبارە دیپلۆماسییەکانیشی لە عێراق و ئوردن کەمدەکاتەوە.
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2024، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاداری 2025 کەنەدا پڕۆگرامی ستراتیژی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش (لە عێراق و سووریا) و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی دەورووبەر (لوبنان و ئوردن) دروستکرابوو، کۆتایی پێدەهێنێت."
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاماژەی بەوە کرد، "کاتێک ستراتیژییەکەیان کۆتایی دێت، دیپلۆماسی کەنەدا لە ئوردن و عێراق کەم دەبێتەوە، هەروەها نووسینگەی کەنەدا لە هەولێری هەرێمی کوردستانی عێراق دادەخرێت".
بە گوێرەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، "ئەم گۆڕانکارییانە پەیوەندییان بە جێبەجکردنی پلانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان لەلایەن وەزارەتی دەرەوە هەیە. لە بودجەی ساڵی 2023دا، حکومەت پابەندبوونی خۆی بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە بڕی 14.1 ملیار دۆلار لە پێنج ساڵی داهاتوودا راگەیاند؛ دەستپێکی پلانەکەش لە ساڵی 2023 بۆ 2024 بووە."
گوتەبێژەکەی کەنەدا ئەوەشی خستەڕوو، بۆ راییکردنی کارەکانی هاووڵاتییان، باڵیۆزخانەی کەنەدا لە بەغدا "چالاکانە بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاووڵاتییان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان."
کەنەدا یەکێک بووە لە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا؛ کە دوای ئەوەی ساڵی 2014 داعش بەشێک لە خاکی عێراق و سووریای کۆنترۆڵکرد، پێکهات.