رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ کرد.
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری کوردستان و محەممەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئێران ئامادە بوون.
وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا 'گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە و هاریکاری و هاوئاهەنگی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ و گەشتیاران لە نێوان هەردوولادا کرا، بەتایبەتی ئامادەکارییەکانی پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی باشووری عێراق."
"هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پتەوکردن و پێشخستنی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش." ئەمە، وەک لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە.
.jpg)
لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا ئەمە چوارەمین جارە پارێزگاری ورمێ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
محەممەدسادق موعتەمدیان کە دوێنێ گەیشتە هەرێمی کوردستان، لە سۆرانەوە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، ''لە دوو ساڵی رابردوودا هەناردەکردنی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان نزیکەی 40% بەرزبووەتەوە، ئەمەش دەرخەری سەرکەوتنی مامەڵەکردن و هاوکاریی دوولایەنەی نێوانمانە.''
.jpg)
زیارەتکارانی ئێران، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراویش باشماخ و حاجی ئۆمەران بۆ چوونە نێو عێراق و بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەڵدەبژێرن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رێگەکە بە "سەلامەتتر و نزیکتر" دەزانن.
محەممەسادق موعتەمدیان دوێنێش باسی لەوە کردبوو؛ یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە لە کۆبوونەوەکانیاندا لە هەولێر دەخرێتەڕوو، کردنەوەی دەروازەی سنووریی باشماخ و حاجی ئۆمەرانە بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ