سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ بۆچی لادرا و سزادرا؟

رووداو دیجیتاڵ

تورکیا و باکووری کوردستان خۆیان رۆژەڤیان کەم نەبوو، کەچی پرسی قەییومی شارەوانیی جۆلەمێرگ، لەپڕ خۆی کردە رۆژەڤی هەرە سەرەکی.
 
قەییوم واتە دانانی کەسێک لەلایەن دەوڵەتەوە لە شوێنی کەسێکی دیکە کە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە؛ بە ماددەی 4721 یاسای سڤیلی تورکی، لە هەندێک دۆخی دیاریکراو لەلایەن یاساوە، بۆ بەڕێوەبردنی کارێک، یان پۆستی کەس و لایەنێکی فەرمی یان نافەرمی، کەسێکی دیکە دادەنرێت. وشەکە لە زمانی تورکیدا لە (قامە، قیام)ـی عەرەبییەوە وەرگیراوە.
 
محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و، دۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی کەجەکە، لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی تورکیاوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەییوم لە شوێنی دانرا. رۆژی 5-06-2024 دادگەی سزا قورسەکانی جۆلەمێرگ، 19 ساڵ و شەش مانگ سزای زیندانیکردنیشی بەسەردا سەپاند.
 
چیرۆکی ئەو قەییومە چۆن بووە؟
 
لێکۆڵینەوە و گوتە لێوەرگرتن لە محەممەد سدیق ئاکش، 14 ساڵ بەر لە ئێستا دەستیپێکرد. ساڵی 2010 بوو کە لێکۆڵینەوەکان لە ئاکش چوونە بواری جێبەجێکردنەوە و، تاوەکو 2014 درێژەی کێشا.
 
ساڵی 2014 لێکۆڵینەوەکان بەرگێکی یاساییان پێبەخشرا و رەوانەی دادگە کرا،  بەڵام لەو ماوەیەدا، کە نزیکەی 10ساڵە، نە پۆلیس، نە دادوەر و نە هێزە ئەمنییەکان، سەرەداو یان بەڵگەیەکیان دۆزییەوە کە بیسەلمێنێت ئاکش تاوانبارە. کار گەیشتە ئەوەی، ئەوانەی گەواهیشیان لەدژی دابوو، لە قسە و گوتەکانیان پاشگەز بوونەوە. بەم هۆیەوە دادوەر نەیتوانی گوتەی هیچ کام لە گەواهیدەرە نهێنییەکان وەربگرێت.
 
دۆسیەی دادگەییکردنەکە بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێک بەسەر ئاکشدا ساخ بکاتەوە، لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، کە لە 31-03-2024 بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە زیندووکرایەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، محەممەد ئاکش وەکو سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ هەڵبژێردرا.
 
داواکاری گشتی و دادوەری دۆسیەکەی محەممەد سدیق ئاکش، لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا، بە تۆمەتی ئەندامبوونیان لە رێکخراوی گولەنییەکان، لە کارەکانیان دوورخرانەوە. بەوە تۆمەتبارکران کە ئەندامی رێکخراوێکی نایاسایین و دەست بە دادگەییکردنیان کرا. 
 
60ـەمین دانیشتنی دۆسیەکەی محەمەد ئاکاش بە دادوەر و داواکاری گشتییەکی نوێ لە 23-05-2024 بەڕێوەچوو. داواکاری گشتی ئەمجارە سوور بوو لەوەی داوای سزادانی ئاکش بکات، بەڵام دادوەر لەسەر داوای پارێزەرانی محەممەد سدیق ئاکاش، تەنیا 13 رۆژ دانیشتنی دادگەی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە دواخست. واتە بۆ رۆژی چوارشەممە 05-06-2024.
 
لەم سەروبەندەدا، دادگە بە پشتبەستن بە لێداونێکی لە مانگی دووی ئەمساڵدا لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، دۆسیەیێکی دیکەشی بۆ ئاکش کردەوە. 
 
دۆسییە تازەکە لەسەر ئەوە بووە؛ محەممەد ئاکش بەشداری لە رێپێوانێکدا کردووە بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و لەوێ داوای ئازادکردنی ئۆجەلانی کردووە.
 
وەزارەتی نێوخۆی تورکیا بە پشتبەستن بەو دۆسیە تازەیە و دۆسیە 10 ساڵییەکەی، چاوەڕێی نەکرد تاوەکو دۆسیەی دادگەییکردنەکە لە 5ـی 6 بەڕێوەبچێت و فەرمانی بە پۆلیس کرد؛ محەممەد ئاکش لە هەر شوێن و جێیەکە، دەستگیری بکەن. 
 
کاژێر 6ـی بەیانیی رۆژی سێی ئەم مانگە، لەکاتێکدا ئاکش لە ماڵی هاوڕێیەکی لە شیرینی خەودا بوو، هەڵیانکوتایە سەری و دەستگیریان کرد. دادوەرەکە بەوەش نەوەستا، بەڵکو رێگەی نەدا ئاکش چاوی بە پارێزەرەکانیشی بکەوێت.
 
وەزارەتی نێوخۆ، دوای فەرمانی دەستگیرکردنەکەی، لە 5 کاژێردا، قەییومێکی بۆ سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ دانا و سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیشی دوورخستنەوە. دەم پارتیش کە نیگەرانە لەوەی ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ لابردنی سەرۆک شارەوانییەکانی، دەستی بە ژمارەیەک چالاکی کرد و لە شەوی دەستگیرکردنی ئاکشەوە، لە چەندین شوێن لایەنگر و ئەندامانیان دەستیان بە زنجیرەیەک مانگرتن و گردبوونەوە کردووە.
 
دوای بڕیاری دانانی قەییوم، لە جۆلەمێرگ و 10 پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان، قەدەخەی خۆپیشاندان و گردبوونەوە راگەیێندراوە و تائێستا بەردەوامن.
 
دەم پارتی داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە پشتیوانیی دیموکراسی دەکەن، هەڵوێستی خۆیان دژی ئەو هەڵمەتە نیشان بدەن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش دەڵێت "هەکاری (جۆلەمێرگ) هەنگاوی یەکەمی رێکارە یاساییەکانمان بوو، هەنگاوی دیکەشی بەدوادا دێت."