کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان: ئەو بەرهەمانەی بۆ دابەزاندنی کێش بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێن هۆکارن بۆ شێرپەنجە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان دەڵێت، ئەو بەرهەمانەی بۆ دابەزاندنی کێش بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێن دەبنە هۆی شێرپەنجە، داوا دەکات خەڵکی لێیان دووربکەنەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان " KMCA"، رۆژی چوارشەممە 05-06-2024  لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکردووە شیکردنەوە تاقیگەییەکانی دامەزراوەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا لەناو هەندێک لەو بەرهەمانەی بە ئۆنلاین بۆ دابەزاندنی کێشی لەش دەفرۆشرێن دەرمانی "فینۆڵفسالین"یان دۆزیوەتەوە، کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە لەبارەی ئەو جۆرە دەرمانەوە دەڵێت: "فینۆڵفسالین ماددەیەکی دەستنیشانکاری کیمیاییە، لە کارلێکە کیمیاییەکان بەکاردەهێنرێت، لە ئەمریکا هەرگیز وەکو دەرمان مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە و لەناو دەرمانە پەسندکراوەکاندا نییە، لە کەنەداش پێشتر وەک رەوانکار بەکاردەهات، بەڵام بەهۆی بوونی بەڵگەی شێرپەنجەیی ئەو ماددەیە، لە ساڵی 1997 لە بازاڕ کشێندرایەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە دەڵێت: "هاووڵاتییان پێویستە ئاگاداربن کە ئەو بەرهەمە مەترسیدارانە رەنگە لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ فرۆشتن پێشکێشبکرێن، لەوانە ئینتەرنێت، بازاڕە گەورەکانی ئۆنلاین، سۆشیال میدیا، ئیمێڵ، پۆست، ساڵۆن، دەرمانخانە، دووکانی گیادەرمانی، بەهاراتفرۆشەکان و کۆگای خۆراک."
 
هۆشدارییش دەدات لەوەی، بەرهەمی دەرمانسازی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی لەڕێی راوێژی پزیشکی پسپۆڕ وەربگرن و دەرمانیش دوای راوێژی دەرمانساز لە دەرمانخانەکان بکڕن، تەنیا ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە ستیکەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان – وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە.