رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان دەڵێت، ئەو بەرهەمانەی بۆ دابەزاندنی کێش بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێن دەبنە هۆی شێرپەنجە، داوا دەکات خەڵکی لێیان دووربکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان " KMCA"، رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکردووە شیکردنەوە تاقیگەییەکانی دامەزراوەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا لەناو هەندێک لەو بەرهەمانەی بە ئۆنلاین بۆ دابەزاندنی کێشی لەش دەفرۆشرێن دەرمانی "فینۆڵفسالین"یان دۆزیوەتەوە، کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لەبارەی ئەو جۆرە دەرمانەوە دەڵێت: "فینۆڵفسالین ماددەیەکی دەستنیشانکاری کیمیاییە، لە کارلێکە کیمیاییەکان بەکاردەهێنرێت، لە ئەمریکا هەرگیز وەکو دەرمان مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە و لەناو دەرمانە پەسندکراوەکاندا نییە، لە کەنەداش پێشتر وەک رەوانکار بەکاردەهات، بەڵام بەهۆی بوونی بەڵگەی شێرپەنجەیی ئەو ماددەیە، لە ساڵی 1997 لە بازاڕ کشێندرایەوە."
بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە دەڵێت: "هاووڵاتییان پێویستە ئاگاداربن کە ئەو بەرهەمە مەترسیدارانە رەنگە لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ فرۆشتن پێشکێشبکرێن، لەوانە ئینتەرنێت، بازاڕە گەورەکانی ئۆنلاین، سۆشیال میدیا، ئیمێڵ، پۆست، ساڵۆن، دەرمانخانە، دووکانی گیادەرمانی، بەهاراتفرۆشەکان و کۆگای خۆراک."
هۆشدارییش دەدات لەوەی، بەرهەمی دەرمانسازی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی لەڕێی راوێژی پزیشکی پسپۆڕ وەربگرن و دەرمانیش دوای راوێژی دەرمانساز لە دەرمانخانەکان بکڕن، تەنیا ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە ستیکەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان – وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ