گەنجەکەی چەمچەماڵ دوای پێنج ساڵ مانەوە لە نەخۆشخانە، گەڕایەوە ماڵەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی دانیشتووی چەمچەماڵ دوای نزیکەی پێنج ساڵ مانەوە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک، کە بە درێژترین ماوەی مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی کەرکووک هەژمار دەکرێت، گەڕایەوە ماڵەوە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر نەخۆشێک کە لە ساڵی 2019 بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گەیێندرایە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری لە کەرکووک، دوای باشبوونی نەخۆشخانەکەی بەجێهێشت.
 
نەخۆشەکە ئەو کاتەی براوەتە نەخۆشخانە تەمەنی 19 ساڵ بووە، ئێستا تەمەنی 24 ساڵە، دوای چوار ساڵ و 8 مانگ مانەوە دۆخی باشتر بووە. لە سێ ساڵی یەکەمدا لە قۆناخی بێهۆشیدا بوو، بەڵام ئێستا وەکو بەڕێوەبەری نەخۆشخانە باسی دەکات هۆشی هاتووەتەوە و توانای جوڵاندنی بەشێک لە جەستەی هەیە.
 
د.بەڵێن عومەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی ئازادی لە کەرکووک بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو گەنجە بەهۆی رووداوەکە زیان بەر مێشکی کەوتبوو، هەر بۆیە ماوەیەک بێهۆش بوو، کاریگەریی لەسەر دەمارەکانی مێشکی دروستکردبوو، بەڵام بەهۆی گرنگیپێدانی زۆری کارمەندان و پزیشکان، لە دواییدا توانرا دوای ئەو ماوە زۆرە لە بێهۆشی دەربچێت و دواتر بەشێک لە ئەندامانی جەستەی بە ئیش کەوتنەوە."
 
سەبارەت بە ماوەی مانەوەی ئەو نەخۆشە لە نەخۆشخانە، د.بەڵێن گوتی: "لە زۆرترین ماوەی مانەوە لە نەخۆشخانە رەنگە ئەو نەخۆشەی ئێمە لەسەر ئاستی عێراقیش زۆرترین ماوە مابێتەوە، رەنگە یەکێک بێت لەوانەی لەسەر ئاستی جیهانیش کە زۆرترین ماوە ماونەتەوە."
 
ئەو گەنجە دانیشتووی چەمچەماڵە، لە ساڵی 2019 تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بوو و دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانەی چەمچەماڵ رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک کرا.