گومانلێکراوێکی تای خوێنبەربوون لە دهۆک گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

کەسێک کە گومانی ئەوەی لێدەکرا تووشبووی تای خوێنبەربوون بێت، لە نەخۆشخانەی ئازادیی شاری دهۆک گیانی لەدەستدا و تەندروستیی دهۆکیش چاوەڕێی ئەنجامی تێستەکەن بۆ ئەوەی لە ئەگەری تووشبوونی کەسەکە بە تای خوێنبەربوون، پشتڕاستببنەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2023، دکتۆر ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ کە دانیشتووی ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا بووە، "پێش سێ رۆژ سەردانی نەخۆشخانەی ئازادیی کردووە کە نیشانەکانی تای خوێنبەربوونی لێدەرکەوتبوون. لەبەر خراپیی دۆخەکەی، ئەمڕۆ کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ گیانی لەدەستدا". 
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک گوتیشی کە نەخۆشەکە "هەموو نیشانەکانی تای خوێنبەربوونی تێدابوون، بۆیە هەر لە سەرەتاوە جیاکرابووەوە و رێکارەکانی خۆپارێزی لەگەڵیدا گیرابوونە بەر." باسی لەوەشکرد کە پشکنینەکەیان رەوانەی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی نەخۆشییەکەی دەستنیشانبکرێت و لە تووشبوونی دڵنیاببنەوە. تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەیان بەدەست نەگەیشتووەتەوە. 
 
تەندروستیی دهۆک دەشڵێت، گەنجەکە گاوان بووە و هەمان نیشانە لەسەر هاوژینەکەشی دەرکەوتبوون، بەڵام هاوژینەکەی دۆخەکەی باشە و لەگەڵ تەرمی هاوژینەکەی گەڕاوەتەوە باشیک. 
 
لە ئەگەری پشتڕاستبوونەوەی تووشبوونی نەخۆشەکە بە تای خوێنبەربوون، ئەمە دەبێتە سێیەم کەس لە باشووری کوردستان بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیان لەدەستبدات. دووانی دیکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون. 
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ؛ دەکرێت بە سووکی تووشی بێت و هەندێکجاریش دەبێتە هۆی مردن. 
 
ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە کریمیا دۆزرایەوە؛ هەربۆیە ناوی لێنرا تای خوێنبەربوونی کریمیا؛ لە ساڵی 1956 نەخۆشییەکی هاوشێوە لە کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە و لە ساڵی 1969 دەرکەوت کە ڤایرۆسی کریمیا و کۆنگۆ هاوشێوەن؛ بۆیە زۆرجار لەگەڵ ناوەکە ناوی هەردوو ناوچەکەی پێوە دەلکێندرێت.