رۆژی شەممە 690 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی وشکانی بۆ حەج بەڕێدەکەون

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی شەممە 690 کەس لە هەرێمی کوردستان بە 30 پاس بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون. 
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 06-06-2023) بە رووداوی گوت، 30 پاسیان دابینکردووە بۆ ئەوەی بە رێگەی وشکانی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعودیە بگوازنەوە.
 
بڕیارە رۆژی هەینی 9ـی حوزەیران بۆ یەکەمجار هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو مەدینە بەڕێبکەون. کاروان ستوونی دەڵێت "ئێوارەی رۆژی هەیینی بەرەو کەربەلا بەڕێدەکەون دواتر رۆژی شەممە 10ـی حوزەیران لە رێگەی دەروازەی عەرعەرەوە بەرەو مەدینە بەڕێدەکەون و بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەوێ دەمێننەوە، دواتر بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە مەکە".
 
رۆژی 12ـی ئەم مانگەش بە رێگەی ئاسمانی گەشتی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بۆ سعودیە دەستپێدەکات. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی "هێشتا خشتەی ئەوانمان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بزانین لە یەکەم گەشتدا چەند حاجی بەڕێدەکەون".
 
ئەمساڵ، چوار هەزار و 685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە مەکە، کە 720ـیان بەڕێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی سەردانی مەککە دەکەن. بۆ ئەمساڵ، تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلار دیاریکراوە.
 
رۆژی 30ـی ئایار، یەکەم گەشتی ئاسمانیی هاووڵاتییانی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی محەممەد بن عەبدولعەزیز لە شاری مەدینە دەستیپێکرد. حاجیان بە رێگەی شەش فڕۆکەخانە (بەغدا، نەجەف، بەسرە، کەرکووک، هەولێر و سلێمانی) گەشت دەکەن، کە رۆژانە پێنج گەشت دەبێت. یەکەم کاروانیش بە رێگەی وشکانی رۆژی هەینی 2ـی حوزەیران دەستیپێکرد.