ژنێکی کرێنشین: تەنیا خانوویەکم دەوێت، پیر و کوێر بووین بەدەست کرێچێتییەوە

 
رووداو - سلێمانی

کافیە و ستارە دوو ژنی تەمەن 70 ساڵ و 49 ساڵی دانیشتووی سلێمانین، هەردووکیان کرێچین، ساڵانێک دراوسێ بوون، بەڵام گرانیی کرێی مانگانەی خانوو لە یەکدیی دوورخستنەوە، بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لە کۆمەڵەی کرێنشینان کۆیکردونەتەوە و دەردەدڵی کرێچێتی بۆ یەکدی دەکەن، هەریەکەیان ئامادەکاری دەکەن بۆ دووەمین جار فۆڕمی وەرگرتنی یەکەکان پڕبکەنەوە.
 
ستارە لەتیف، کرێنشین بە رووداوی گوت، "هیچم ناوێت، تەنیا خانوویەکم پێبدەن، شەل و پیر و کوێر بووین بەدەست کرێچێتییەوە، لە ساڵی 1974ەوە کرێچیم، لەو کاتەوەی هاوژینەکەم لەسێدارە دراوە هەر کرێچیم."
 
کافیە محەممەد، کرێنشین ئاماژە بەوە دەکات، "بە هیوام ئەمجارە خانوویەک یاخود شوقەیەک وەربگرم بۆئەوەی وەکو ئەو خەڵکە ببمە خاوەنی، ئاواتم ئەوەیە وەکو ئەو خەڵکە خاوەن خانوو و ماڵی خۆم بم."
 
لە هەرێمی کوردستاندا بەپێی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینان، نزیکەی 200 هەزار کرێنشین هەن، نزیکەی 90 هەزاریان لای ئەوان ئەندامن و لەو ژمارەیەش 34 هەزاریان لە سلێمانین؛ ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی تایبەت بۆ کرێنشینان دروستکراون تەنیا لە 0.26% رادەستی کرێنشینان کراون.
 
بەرهەم سەردار (قەرەداخی)، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان دەڵێت، "داوامان کردووە دابەشکردنی شوقە بکرێتە فۆڕم و بدرێتە خێزانەکان لەبەر ئەوەی ئەگەر کەسێک خێزاندار نەبێت شوقەی پێنەدەن و رێژەی کرێچێتی کەم ببێتەوە، بەڵام بەداخەوە رۆژ بە رۆژ رێژەی کرێچێتی بەرز دەبێتەوە."
 
لە دوایین رۆژی مانگی ئایاردا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە لە زووترین کاتدا، دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینان بکرێت بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالێتییەکی باش.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی لە ساڵی 2013 بۆ هەمان مەبەست دروستکران، بە هۆکاری قەیرانی دارایی تەواو نەکراون و بەسەر کرێنشیناندا دابەشنەکراون.