نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمان: داوا دەکەین ئەندامێکمان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ پێکهاتەکانی کلدان و سریانی و ئاشووری و تورکمان لە هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە. نوێنەری کریستیانەکانیش دەڵێ، "تاوەکو ئێستا هیچ ئەندامێکی مەسیحییەکان لەناو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نییە و بە فەرمی داوامان کردووە بمانکەن بە ئەندام."
رۆژی دووشەممە 6-6-2022، رۆبینا تیاری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پێکهاتەی کریستیان میوانی بوولتەنی 13:00ـی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان نمونەی پێکەوەژیانە و ئێمە ئەو تابلۆیەمان پیشانی هەموو جیهانداوە. هاوکات چەند پرسی گرنگ هاتە بەرباس کە بریتیبوون لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
رۆبینا تیاری گوتی، "پێکهاتەی کلدان و سریانی و ئاشووری و تورکمان لەو کۆبوونەوەیە بەشداربووین. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای گوێگرتن لە سەرنج و بۆچوونەکانمان، پێیگوتین ئێوە وەک پێکهاتەکان لەناوخۆتاندا چی داواکارییەکتان هەبێت من پاڵپشتی لە داواکەتان دەکەم."
لەبارەی سیستمی هەڵبژاردن و چۆنیەتی بەشداریپێکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، رۆبینا تەیاری دەڵی: ئێمە وەک پێکهاتەکان پێمانباشە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و ئەگەریش دوابخرێت، ماوەی دواکەوتنەکەی کەمبێت، بۆ سیستمی فرەبازنەیی یان یەکبازنەیی بۆ پێکهاتەکان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان گوت کە ئەوە کورسی ئێمەیە و پێویستە خۆمان بڕیار بدەین کە بە چ سیستمێک هەڵبژاردن بکەین.
رۆبینا تیاری ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئێستا وەک پێکهاتەکانی کلدان و سریانی و ئاشووری و تورکمان هیچ زیانێکمان بە لایەنێکی سیاسیی نەگەیاندووە، بە پێچەوانەوە هەمیشە هەوڵمانداوە ببینە هۆی کۆتاییهێنان بە کێشەکان لە هەرێمی کوردستان."
نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان داوای زیادکردنی کورسییەکانیان دەکات و دەشڵێ: داوای ئێمە ئەوەیە سیستمی هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان بە یەک بازنەیی بێت و کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان زیاد بکرێت. هاوکات ئێمە وەک مەسیحی نوێنەری راستەقینەمان لەناو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نییە و حەزدەکەین ئەندامێکمان هەبێت لەو کۆمیسیۆنەدا و داوای ئەوەمان کردووە هەرکات گۆڕانکاریی لەو کۆمیسیۆنە کرا، ئەو داوایەی ئێمەش لەبەرچاو بگیرێت.
رۆبینا تیاری دەڵێ، "بە شێوەیەکی فەرمیی هیچ لایەنێک داوای کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکانی نەکردووە" و پێیوایە، "ئێستا وەک بیانوویەکی سیاسیی ژمارەی کورسی پێکهاتەکان دەکرێت بە ئامانج بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوەنەچێت."