لە هەولێر بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی ئەندامێکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێراندا تەقییەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە بەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر رایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی پەنابەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کە هاوکات ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە تەقیوەتەوە و، برینداربووە. دژە تیرۆری کوردستانیش دەڵێت، "بۆمبەکە لکێندراوە بە ئۆتۆمبێلەکەوە" و بریندارەکەش شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیە.
دژه تیرۆری کوردستان لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاندووە، لە ئاکامی "تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلێکدا" بووە و کەسێک بریندار بووە، ئۆتۆمبێلەکەش لە جۆری "هیوندای تۆکسۆن" بووە و رووداوەکەش لە گەڕەکی سێتاقان لەنزیک بارەگای حیزبی سازمانی خەباتی ئێران بووە.
لە راگەیێندراوەکەی دژە تیرۆری کوردستاندا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کەسەی بریندار بووە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و ناوی "ئەکبەر سەفەر ئەڵماس"ە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لەدایکبووی ساڵی 1973یە و ئەندامی حیزبی سازمانی خەباتی ئێرانە، "لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئەمنییەکانیش لەوبارەوە بەردەوامە."
بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبەردەم نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر لەبارەی رووداوەکە گوتی "خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ناوی ئەکبەر سنجابییە و لە دایکبووی ساڵی 1973یە، هەروەها ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە."
دوای رووداوەکە ئەو ئەندامەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. بەهرۆز فەرەیدوون دەشڵێت " ئەوەی بە چاوی خۆم بینیومە قاچی چەپی زیانی پێگەیشتووە و گۆشت و ئێسقانی لێبووەتەوە، پزیشکەکانیش گوتیان کە دەبێت نەشتەرگەریی بۆ بکرێت."
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، لە شوێنی رووداوەکە دەردەکەوێت کە زیان بەر ئۆتۆمبێلێک کەوتووە و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن.
شاهێدحاڵێک لە گەڕەکی سێتاقان دووکانی هەیە و لە شوێنی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەناکاو گوێم لە دەنگی تەقینەوەیەک بوو و دواتر ناو دووکانەکەم پڕبوو لە دووکەڵ ...، کەسێکم بینی کە بریندارە و دواتر گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە."
تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان لەبارەی ئەو رووداوە هیچ راگەیێنراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە. پۆلیس و ئاسایشی هەولێر بە رووداویان راگەیاند کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و دواتر زانیاری لەبارەی رووداوەکە بڵاودەکەنەوە.
شۆڕش حاجی، ئەندامی سەرکردایەتیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لەبارەی تەندروستی ئەکبەر سنجابی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئینشەئەڵڵا تەندروستیی باش دەبێت."